حکومەتی ئێران نرخی شیر 20% گران دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی شیر لە ئێران گران کرا و وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لەمەودوا هەر کیلۆیەک شیر بە 18 هەزار تمەن دەبێت.
 
غوڵامڕەزا نووری، وەزیری کشتوکاڵی ئێران ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، بە بڕیاری جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران نرخی شیر 20% گران کراوە، نرخی هەر کیلۆیەکی لە 15 هەزار تمەنەوە کراوەتە 18 هەزار تمەن.
 
ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی بەرهەمەکانی شیری ئێران پێشتر داوایکردووە نرخی شیر بەرز نەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی شیرەمەنییەکان، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کەمتربوونەوەی کڕینیان لەلایەن خەڵکەوە دەبێت.
 
محەممەد فەربود، گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی بەرهەمەکانی شیری ئێران دەڵێت، بە شێوەی ستاندارد دەبێت هەر تاکێک لەو وڵاتە ساڵانە 165 کیلۆ شیر و بەرهەمەکانی بخوات، بەڵام ئێستا بە شێوەی مامناوەند هەر تاکێک کەمتر لە 70 کیلۆ شیر و شیرەمەنی دەخوات.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی بەرهەمەکانی شیری ئێران دەشڵێت، بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان، لە دوو دەیەی رابردوودا ژمارەی کارگە و کارخانەکانی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی لەو وڵاتە لە هەزار یەکە بۆ نزیکەی 200 یەکە کەمبووەتەوە.