رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "سەرکەوتوو بوون" لە هەڵدانی مانگێکی دەستکردی نوێی سەربازی بۆ بۆشایی ئاسمان، فەرماندەیەکی سوپاکەش دەڵێت، مانگە دەستکردەکە لەو مانگە دەستکردانەی دیکە پێشکەوتووترە کە پێشتر رەوانەی بۆشایی ئاسمانیان کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، عیسا زرارپوور، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "مانگی دەستکردی نوور-3 بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە لە خولگەی 450 کیلۆمەتر سەر رووی زەوی جێگیرکرا." کەشتییە ئاسمانییەکە لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران هەڵدراوەتە بۆشایی ئاسمان.
حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، مانگە دەستکردەکە لەو مانگە دەستکردانەی دیکە پێشکەوتووترە کە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە هەڵدراونەتە بۆشایی ئاسمان و گوتیشی: "مانگە دەستکردەکە پێداویستییە هەواڵگرییەکانی ئێران پڕدەکاتەوە."
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمریکا چەندین جار هۆشداری بەو جۆرە هەنگاوانەی ئێران داوە و رایگەیاندووە، هەمان ئەو تەکنەلۆژیایە دەتواندرێت بۆ هەڵدانی مووشەکی بالیستی سوودی لێوەربگیرێت.
هەرچەندە ئێران چەندین جار ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە باس لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەکەن لەلایەن وڵاتەکەیەوە، راشیگەیاندووە، هەڵدانی مانگە دەستکردەکان بۆ بۆشایی ئاسمان تەنیا بۆ بەرگریکردنە لەخۆی.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەمریکا چەندین سزای تووندی خستەوە سەر ئێران و ئەوەش بەگوتەی بەرپرسانی واشنتن بۆ ئەوەیە رێگە لە ئێران بگرن دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
رێککەوتنی ساڵی 2015، بواری بە لابردنی سزاکان لەسەر ئێران دا لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ گەرەنتیکردنی ئەوەی تاران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات، ئێرانیش هەمیشە رەتیکردووەتەوە بیەوێت ئەو کارە بکات.
بەڵام کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018 و دووبارە سەپاندنەوەی سزا ئابوورییە سەختەکان، وایکرد ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری رێککەوتنەکە ببێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ