ئەمریکا سزای نوێ بەسەر بەرنامەی بەرهەمهێنانی درۆنی ئێرانی دەسەپێنێت

28-09-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن ئێران و ئەمریکا درۆنی ئێرانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سزای نوێی بەسەر بەرنامەی دروستکردنی درۆنی ئێرانیدا سەپاند و جارێکی دیکەش تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی درۆن بۆ رووسیا دابین دەکات، بۆ ‌هێرشەکانی لەدژی ئۆکراینا. 
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا، سزای نوێی بەسەر تۆڕی بەرهەمهێنانی درۆنی ئێرانیدا سەپاند و رایگەیاند، ئەو تۆڕە هاوکاریی مادی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دابین دەکات بە مەبەستی دروستکردنی درۆنی جۆری شاهید - 136. 
 
برایان نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری دارایی و تیرۆریزم گوتی، "درۆنەکانی ئێران ئامرازێکی گرنگن بۆ رووسیا لە هێرشەکانی دژی ئۆکراینا، لەنێویشیاندا ئەو هێرشانەی خەڵکی سڤیل و ژێرخانی ئۆکراینای کردووەتە ئامانج. ئێمە  بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان، بەردەوام دەبین لە لێپێچینەوە لەوانەی بەرپرسیارن لە دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا و بریکارەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەوانەشی، کە ناسەقامگیریی دروست دەکەن."
 
سزا نوێیەکانی ئەمریکا بەسەر پێنج دامەزراوە و دوو کەسایەتی سەپێندراون، کە رۆڵیان هەبووە لە بەرنامەی دروستکردنی درۆنی ئێرانی، سزادراوەکانیش لە ئێران، چین، تورکیا و ئیمارات پێکهاتوون. 
 
لەدرێژەی بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هاتووە، "واشنتن بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران و بەتایبەتیش لە رێگەی سزا ئابوورییەکانەوە، بە مەبەستی رێگە گرتن لە ئێران بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری. ئەمریکا ئامانجیەتی رێگری لە تواناکانی ئێران بکات بۆ دروستکردن و پێشخستن و دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو." 
 
بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە ئەیلوولی 2022ـەوە، ئەم سزایە نۆیەم پاکێجی سزاکانی واشنتنە بەسەر بەرنامەی دروستکردنی درۆنی ئێرانیدا دەیسەپێنێت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە