لە تاران بە پێشەنگەیەکی هونەری ناڕەزایی دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز نیشاندرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە تاران بە پێشانگەیەکی هونەری و خۆپێشاندان ناڕەزایی دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز نیشاندرا. وێنە کاریکاتێرییەکانی پێشانگەکەی تارانی پایتەختی ئێران، درووشمی دژە سوێد، دانیمارک، ئیسرائیل و ئەمریکایان تێدا خرابووەڕوو.
 
کارە هونەرییەکان 58 دانەن و لە ئێران، عێراق و یەمەنەوە برابوونە پێشانگەکەی تاران؛ بەشێکیان، سوێد و دانیمارک وەکو بووکەشووشەی دەست ئیسرائیل نیشاندەدەن.
 
هەموو ئەوانە بۆ دژ وەستانەوەی سووتاندن و بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆزن لەلایەن چەند پەنابەر و هاووڵاتییەک لە سوێد و دانیمارک.
 
میلاد نیازی، سەردانیکاری پێشانگەکە دەڵێت، "ئەم پێشانگەی کاریکاتێرە ئەوە نیشاندەدات ئیسلام چەندە گەورەیە. وڵاتانی وەکو سوێد و دانیمارک هەوڵدەدەن ئیسلام وەکو ئایینێکی بچووک نیشانبدەن، بەڵام ناتوانن و هەرگیز سەرکەوتوو نابن."
 
هەر لە تاران، ژمارەیەک خوێندکار لەبەردەم زانکۆی تاران چالاکییەکیان دژی سووتاندنی قورئان رێکخست و دەڵێن، دوو وڵاتە ئەسکەندەناڤییەکە ئازادی وەکو بەهانە بۆ رێگەدان بە سووتاندنی قورئان دەهێننەوە.
 
یاسین نەورۆزی، دانیشتووی تاران دەڵێت، "بەهیواین وڵاتانی ئیسلامی یەکبگرن و بێدەنگ نەمێننەوە لە دژی ئەم سووکایەتییە. ئێران سەرۆکی یەکگرتنەوەی وڵاتە ئیسلامییەکانە. پێویستە سوێد و دانیمارک سزا بدرێن بۆ ئەم کارە."
 
لە یەک مانگی رابردوودا، دوو جار بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد لەلایەن سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی سوێدیی بە رەچەڵەک کریستیانی عێراقی کراوە، کە ئێستا خۆی بە بێ ئایین دەناسێنێت.
 
24ی ئەم مانگەش، دوو هاووڵاتیی پەڕگیری دانیمارکی، لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە قورئانی پیرۆزیان سووتاند.