رووداو دیجیتاڵ
دەیان خێزانی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوا لە لە چالاکڤانان و رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەکەن، هەوڵبدەن سزای لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران هەڵبووەشێنرێتەوە.
هەشتا خێزانی کوژراوانی ساڵی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، "هەموومان خوازیاری هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانین." بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێران 7 کەس لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردووی لە سێدارە داوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رۆژی 12.05.2023 بڵاویکردەوە، گیانی 12 دەستگیرکراوی سیاسی مەترسی لەسەرە. چەند هەفتەیەکە کۆماری ئیسلامیی ئێران رەوتی لەسێدارەدانەکانی خێراتر کردووە و ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی کەسوکاری ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
80 خێزانەکە داوایان کردووە لە "مرۆڤە رێزدارەکان، هەموو رێکخراوەکان و دامەزراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ لە هەموو جیهاندا هەوڵ بدەن سزای لەسێدارەدان هەڵبووەشێتەوە و گیانی ئازیزانیان رزگار بکرێت."
بەپێی ژمارەی دانیشتووان، ئێران دوای چین دووەمین وڵاتی جیهان بۆ لەسێدارەدانی خەڵک. خێزانەکان کە هەموویان دانیشتووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن، لەسێدارەدانەکانیان وەک "تۆڵەسەندنەوە لە خەڵکی ناڕازی" لە قەڵەم داوە کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" چوونە سەر شەقامەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ