شەش هەزار پزیشک و پەرستار ئێرانیان جێهێشتووە

27-05-2022
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا شەش هەزار پزیشک و پەرستار ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە.
 
بە گوتەی حوسێنعەلی شەهریاری، ئەو شەش هەزار پزیشک و پەرستارە چوونەتە ئەمریکا و ئەوروپا تاوەکو لەوێ کار بکەن و پسپۆڕی تایبەت بەدەست بێنن.
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران هەروەها دەڵێت، بەهۆی بڕیاری ناپسپۆڕانەی حکومەت لە کەرتی دەرمان و تەندروستیدا، لەو وڵاتە دادپەروەری تەندروستی نییە و لە هەندێک ناوچەی پەراوێزخراودا خەڵک ناچارن 300 کیلۆمەتر رێگە ببڕن تاوەکو خۆیان بگەیێننە ناوەندێکی تەندروستیی پێشکەوتوو.
 
پێش ئەوەی ئاماری کۆچکردنی پزیشک و پەرستاران لە ئێران بڵاوبێتەوە، محەممەد شەریفی مقەدەم، سکرتێری دامەزراوەی پیشەیی ماڵی پەرستارانی ئێران رایگەیاندبوو، لە ئێران بۆ هەر هەزار کەس 1.6 پەرستار هەیە کە زۆر کەمترە لە ئاستی مامناوەندی وڵاتانی پێشکەوتوو و لانیکەم دەبێ بۆ هەر هەزار کەس 3 پەرستار هەبێت. 
 
ساڵی رابردوو میدیاکانی ئێران لە زاری بەرپرسانی تەندروستیی ئەو وڵاتەوە بڵاویانکردەوە، لە هەموو ئەو وڵاتە 133 هەزار و 657 پەرستار کار دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە