رۆژهەڵاتی کوردستان؛ بەراورد بە 10 ساڵ پێش ئێستا نرخی گۆشتی سوور 12 هێندە بەرزبووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 40 ساڵە گۆشت دەکڕێت و دەڵێت، ئەوکاتەی دەستی بە گۆشت کڕین کردووە، نرخی کیلۆیەکی بە سێ تمەن بووە، ئێستا نرخی کیلۆیەک گۆشت بۆ 180 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە.
 
نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان 160 بۆ سەرووی 200 هەزار تمەنە؛ 10 ساڵ پێش ئێستا، نرخەکەی 13 بۆ 20 هەزار تمەن بوو. بەشێوەی مامناوەندی ساڵانە نرخەکەی 100% بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی سەندیکای ئاژەڵفرۆشانی ئێران، خواردنی ساڵانەی گۆشت بۆ هەر تاکێک لەو وڵاتە لە 12 کیلۆوە بۆ شەش کیلۆ دابەزیوە؛ هۆکارەکەشی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی. بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لەژێر کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵی زیندووە. سەندیکای ئاژەڵفرۆشان دەڵێت، نرخی خۆراکی ئاژەڵ لە یەک ساڵی رابردوودا 75% بەرزبووەتەوە.
 
گۆشتی سوور پێشتر یەکێک لە خواردەمەنییە سەرەکییەکانی خەڵک بوو، بەڵام بەهۆی گرانبوونیەوە، ئێستا کەمتر لەسەر سفرەی چینی هەژار و مامناوەندی کۆمەڵگە دەبیندرێت.