کەنەدا سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کەنەدا دوو دامەزراوە و هەشت کەسایەتی دیکەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە.
رۆژی دووشەممە 27ی ئازاری 2023، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوو دامەزراوە و هەشت کەسایەتی ئێرانییان خستووەتە لیستی سزاکانییەوە، ئەویش بەهۆی "پێشێلکارییەکانی بەرامبەر مافی مرۆڤ، بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەکی بالیستی."
لە راگەیێندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاماژە بەوە دەکات، سزاکان چەند بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج "کە پێشێلکارییان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ لە تارانی پایتەخت و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە."
هەندێک لەو بەرپرس و دامەزراوانە، بەپێی راگەیێندراوەکە، "بەهۆی بەرهەمهێنان و مووشەکە بالیستییەکان"ی ئێرانەوە خراونەتە نێو لیستی سزاکان.
میلانی جۆڵی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا داوای لە ئێران کرد: "چەوساندنەوەی بێبەزەییانەی خەڵکی ئێران بوەستێنێت."
لە دوای خۆپێشاندانەکانی ئەیلوولی رابردوو لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، تائێستا کەنەدا سزای بەسەر زیاتر لە 139 کەسایەتی و 189 دامەزراوەی ئێرانی سەپاندووە. هەروەها لە ساڵی 2012ەوە حکومەتی کەنەدا ئێرانی وەکو "پشتگیریکاری تیرۆر" ناساندووە.