وەزیری دەرەوەی ئێران: دەبێت چالاکیی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان رابگیرێت

27-02-2023
فواد حەقیقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی بوونی پارتەکانی دژبەری لە هەرێمی کوردستاندا "قبووڵ ناکات" و دەبێت بنکە و "بارەگاکانیان دابخرێن و تاوانباران رادەستی دادگە بکرێن."
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی 27-02-2023 بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "کۆماری ئیسلامی بە شتێک کەمتر لەوە رازی نابێت کە دەبێت هەموو بنکەکانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان، بارەگاکانیان و بنکەکانی راهێنانیان دابخرێن."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستانن "هەڕەشە لە ئاسایشی ئێران دەکەن،" هەربۆیە "دەبێت ئەم بابەتە بە یەکجاری و بۆ هەمیشە کۆتایی بێت."
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بۆ پرۆژەیەک کرد، گوایە لەنێوان ئێران و عێراق پەیوەندیدار بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە کراوە و، رایگەیاند، ئەو پرۆژەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا واژۆ دەکرێت.
 
ئێران ساڵانێکی زۆرە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ئێران بەکاردەهێنن.
 
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە ئەوەیان رەتکردووەتەوە و دەڵێن، ئەوە بیانووە بۆئەوەی ئێران گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان.
 
دوای ناڕەزایەتییەکانی دوایین سێ مانگی ساڵی 2022، گوشارەکانی ئێران بۆ راگرتنی چالاکیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بوون. حکومەتی ئێران حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری ناڕەزایەتییەکان دەزانێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خوێندکاران رەوانەی نەخۆشخانە کران.

40 خوێندکاری زانکۆیەکی ئێران ژەهراوی بوون

ژمارەیەک لە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی شوشتەری سەر بە پارێزگای خوزستانی ئێران ژەهراوی بوون. بریکاری کۆلێژەکە بۆ کاروباری دەرمان دەڵێت، ''خوێندکارەکان دوای خواردنی ژەمی ئێوارەی دوێنێ ژەهراوی بوون، بەڵام ئێستا تەندروستییان جێگیرە.''