بەهۆی شەڕ و پێکدادان لە پارێزگایەکی ئێران 9 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە شەڕ و پێکدادانێکدا نۆ کەس گیانیان لەدەستدا، گرووپی جەیشی عەدل دەڵێت، چەکدارانی سەر بە ئێران ئەو هاووڵاتییانەیان کوشتووە و ئێرانیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا ناسنامەی تەقەکەرەکان دیار نییە.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 27ـی کانوونی دووەم لە گوندی گڵکەندی شاری راسک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان شەڕ و پێکدادان دروستبوو، ماڵپەڕی فەرمیی ئێران دەڵێت، لەو پێکدادانەدا نۆ کەس کوژراون.
 
ئاژانسی فەرمیی ئێران لەبارەی ناسنامەی کوژراوەکان رایگەیاندووە، "هیچ یەک لە کوژراوەکان هاووڵاتیی ئێران نین" هاوکات باسی لەوەش کردووە کە ئەو هاووڵاتییانە "لەلایەن گرووپێکی چەکداری نەناسراوەوە تەقەیان لێکراوە".
 
میدیاکانی ئێران هیچ وردەکارییەکی دیکەیان لەبارەی شەڕەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام گرووپی جەیشی عەدل، کە گرووپێکی بەلووچی دژبەری حکومەتی ئێرانە، رایگەیاندووە، "تەقەکەرەکان پەنابەری پاکستانین لە شاری راسک و چەکی حکومەتی ئێرانیان پێیە."
 
ئەو گرووپە لەبارەی ناسنامەی کوژراو و بریندارەکان نووسیویەتی، لانیکەم پێنج لە کوژراوەکان هاووڵاتیی بەلووچن و خەڵکی شاری راسکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانن و سێ کوژراوی دیکەش هاووڵاتی پاکستانین."
 
ماڵپەڕی حالوەش کە میدیای نزیک لە گرووپی جەیشی عەدلە، باسی لەوە کردووە، شەڕ و پێکدادانەکە زیاتر لە سێ کاژێری خایاندووە و "تەقەکەرەکان لەو گرووپە چەکدارانەی پاکستانن، کە بە فەرمانی ئێران کاری تیرۆریستی و تەقینەوە لەنێو خاکی پاکستاندا دەکەن."
 
گرووپی جەیشی عەدل خۆی بە گرووپێکی رزگاریخوازی نەتەوەی بەلووچ دەناسێنێت و ناو بە ناو لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران لەگەڵ سوپای پاسداران شەڕ و پێکدادانیان لە نێواندا روودەدات.
 
ئەو گرووپە لە 10 ساڵی رابردوودا چەندین شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ سوپای پاسداران لەنێو ئێران هەبووە و بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر چەندین بنکەی هێزەکانی ئێرانیشی گرتووەتە ئەستۆ.
 
ئەندامانی گرووپی جەیشی عەدل لە نەتەوەی بەلووچن؛ ساڵی 2000 دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران عەبدولمالیک ریگی، رێبەری جوندوڵڵای لە سێدارەدا، گرووپی جەیش دامەزرا. سەلاحەدین فارووقی، سەرۆکایەتیی گرووپەکە دەکات.
 
پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان هاوسنوورە. ئێران دەڵێت، چەکدارەکانی ئەو گرووپە زیاتر لە پاکستان دەمێننەوە، لە بەرامبەریشدا پاکستان ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات، کە گرووپە تووندئاژۆ بەلووچەکانی پاکستان لەلایەن ئێرانەوە داڵدەدراون  و ناو بە ناو بۆ کاری تێکدەرانە رەوانەی خاکی پاکستان دەکرێنەوە.