هێرشکارەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران: 9 مانگە هاوژینەکەمیان بە زۆر لەوێ راگرتووە

27-01-2023
کاتی چوونی هێرشکارەکە بۆسەر باڵیۆزخانەکە
کاتی چوونی هێرشکارەکە بۆسەر باڵیۆزخانەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە ساتەوەختی هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران دەبینن کە نزیکەی کاژێر هەشت و نیوی بەیانی لە گەڕەکی دروسی تاران کەسێکی ئێرانی بە کڵاشنیکۆڤ چووەسەر باڵیۆزخانەکە. لە هێرشەکەدا بەرپرسی ئاسایشی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان کوژرا و دوو کەسی دیکە برینداربوون.
 
حوسێن رەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی تاران گوتی، "دەستبەجێ دوای رووداوەکە تیمەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لە کاتێکدا کە هێرشبەرەکە دەیویست بە چەکەوە رابکات، رێگەیان نەدا و دەستبەسەریان کرد."
 
سەرپەرشتیاری دادگەی تاوانەکانی تاران دەڵێت، هێرشبەرەکە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا گوتوویەتی، هاوژینەکەی کە خەڵکی ئازەربایجانە 9 مانگە چووەتە باڵیۆزخانەی ئازەربایجان و لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. میدیاکانی ئێران دەڵێن، هێرشبەرەکە ئازەری زمان و خەڵکی شاری مەرەند و نیشتەجێی ورمێ بووە. لە بەردەم کامێرای میدیاکانی ئێرانیش گوتی، بۆ دۆزینەوەی هاوژینەکەی چووەتەسەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان.
 
هێرشکاری سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان گوتی، "9 مانگە هاوژینەکەمیان بە زۆر لەوێ راگرتووە. لە مێشکی خۆمدا هێنام و بردم و گوتم دەچم هەموویان دەکوژم. کاتێک کەس لەوێ نەما دەستی هاوژینەکەم دەگرم و دەڵێم فەرموون ئەوەش هاوژینەکەم، چونکە نامەی باڵیۆزخانەم هەیە کە دەڵێن، هاوژینەکەت لێرە نییە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆکاری هێرشەکە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێنیتەوە، بەڵام ئازەربایجان بە زیاتر لەو ئاستە دەیبینێت. ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبردووە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، باڵیۆزخانەکەیان لە تاران دادەخەن. 
 
ئایخان حاجیزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان باسی لەوە کرد، "داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە لە حکومەتی ئێران بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵ هێرشکارەکە بکات و تەواوی گوتەکانی و هۆکاری هێرشەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئازەربایجان روونبکاتەوە. هەروەها داوامان کردووە رێکاری توندووتۆڵ بگرێتەبەر بۆ پاراستنی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیمان. لە نزیکترین کاتدا قوربانییەکانی نێو باڵیۆزخانەی ئازەربایجان و کارمەندەکان دەگەڕێنەوە وڵات و تا کۆتایی لێکۆڵینەوەکان باڵیۆزخانە دادەخرێت."
 
کەناڵی سوپای قودسی ئێران دەڵێت، ئەو رووداوە گوماناوییە و لەوانەیە دەستی خودی ئازەربایجانی تێدا بێت بۆ دروستکردنی کێشە لە نێوان دوو وڵات. لەو کەناڵەی سوپای پاسداراندا هاتووە، ئیلهام عەلیێڤ چەند مانگە هێڵی ترانزێتی نێوان ئێران و ئەوروپای داخستووە و لە چەند رێگەوە هەوڵیداوە کێشە بخاتە نێوان دوو وڵات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە