لە تاران هێرش دەکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان؛ کوژراو و بریندار هەن

27-01-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
بەردەم باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران. وێنە: AA
بەردەم باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران. وێنە: AA
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەسێک بە چەک هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تارانی پایتەختی ئێران، ئەنجامدا بەرپرسی ئاسایشی باڵیۆزخانەکە کوژرا. 
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 27ی کانوونی دووەمی 2023، کەسێک بە چەکەوە هێرشی کردە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، لە ئەنجامدا بەرپرسی ئاسایشی باڵیۆزخانەکە کوژرا و دوو پاسەوانی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان، کە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەیانی پشتڕاست کردووەتەوە، ئاشکرای کردووە بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 08:30 خولەک، کەسێک بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف هێرشەکەی کردووە و تەقەی لە خاڵی پاسەوانانی باڵیۆزخانەکە کردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا کارمەندێکی باڵیۆزخانەکە کوژراوە، کە بەرپرسی ئاسایشی باڵیۆزخانەکە بووە و دوو دیکەش بریندار بوون، کە هەردووکیان پاسەوانی باڵیۆزخانەکە بوون. 
 
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئازاربایجان ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هێرشکارەکە دەستگیرکراوە. ئاماژە بەوەش دەکات لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستیپێکردووە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە