رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا هیچ رێکەوتێکی بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رانەگەیاندووە، گوتیشی، ''ئەگەر دەیانەوێت شاندی دەم پارتی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات، پێوستە بە روونی رێککەوتێک دیاری بکەن.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-12-2024، سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژیر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد عیزەدین پێشکێشیکرد، لەبارەی سەردانی دەم پارتی بۆ ئیمرالی رایگەیاند، ''هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ زیندانی ئیمرالی رانەگەیێندراوە.''
ئەوە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ رۆژنامەی سەباح ـی تورکیا کە نزیکە لە دەسەڵات، بڵاویکردەوە، داواکارییەکەی دەم پارتی بۆ ناردنی شاندێک بۆ ئیمراڵی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە ئەرێنی وەڵام دراوەتەوە و ئەمڕۆ یان سبەی هەریەک لە سری سورەیا ئوندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان دەچنە ئیمراڵی.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، دەم پارتی رایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارییەکی فەرمیان بۆ سەردانیکردنی زیندانی ئیمرالی پێ نەگەیشتووە.
گوتیشی، ''حکومەتی تورکیا یاریی سیاسی بەم بابەتەوە دەکات، بەڕێز باخچەلیش (سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە) دەڵێت، بڕۆن سەردانی ئیمرالی بکەن، ئەگەر دەیانەوێت شاندی دەم پارتی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات، با بە روونی رێکەوتێک بۆ سەردانەکە دیاری بکرێت.''
سینان چیفتیورەک ئەوەشی خستەڕوو، هەڵوێستی حکومەتی تورکیا لەبارەی دیداری ئۆجەلان ناڕوونە، ''داوا لە دەوڵەت باخچەلی و رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەین ئەم باباتە روون بکەنەوە.''
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە 22ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پێویستە ئۆجەلان داوا لە پەکەکە بکات چەک دابنێت و دوای ئەوەش ئەردۆغان پشتیوانی لە قسەکانی کرد. لە هەمانکاتدا باخچەلی رایگەیاندبوو، پێویستە دەم پارتی و ئۆجەلان کۆببنەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ''ئامانجی تورکیا و باخچەلی ئەوەیە کە بۆچوون و پێشنیازی ئۆجەلان لەسەر پرسی رۆژئاوای کوردستان وەربگرن، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە. ئێستا پرسی گرنگ دۆخی رۆژئاوای کوردستانە.''
سینان ئەوەشی خستەڕوو، تورکیا دەیەوێت رای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی داواکارییەکانی حکومەتی تورکیا لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و چەکداماڵینی پەکەکە بزانن.
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی هەتەشە لە 25ـی 11ـی 2024 لەدژی سوپای پێشووی سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا بە هاوکاریی تورکیا هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە. بیانووی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان ئەوەی کە بەشێک لە ئەندامان و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـن.
سینان چیفتیورەک ئاماژەی بەوە کرد، '' ئەگەر حکومەتی تورکیا دەیەوێت بزانێت کە بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر پەکەکە، چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چییە، پێویستە ئەو گۆشەگیرییە لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت، ئەو کات هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت.''
ئەوکات سەبارەت بە بانگەوازەکەی باخچەلی، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ تولای هاتیمئۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی، دەیانەوێت پێکەوە سەردانی ئیمراڵی بکەن و بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکەن. دواتر دەم پارتی بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان، داواکاری پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.
یڵماز تونچ، وەزیری داد لە دوایین لێدوانیدا لەسەر ئەو بابەتە رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکە دەکەن و ئاماژەی بەوەدا، دەکرێت دیدارەکە دوای تەواوبوونی گفتوگۆکانی بودجەی ساڵی 2025 بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ