رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو ئەمڕۆ لە شاری سنە کۆرێکی ئەدەبی بەرێوەبچێت و کتێبێکی شێرکۆ بێکەس شرۆڤە بکرێت؛ بەڵام دەسەڵاتدارانی شارەکە رێگەیان بە بەڕێوەچوونی کۆڕەکە نەدا.
بڕیاربوو ئێوارەی رۆژی دووشەممە (26-11-2024)، لە هۆڵی کتێبخانەی گشتیی سنە کۆڕێکی ئەدەبی بۆ شرۆڤەکردنی کتێبی "ئێستا کچێک نیشتمانمە" بەڕێوەبچێت کە بەرهەمی شاعیری ناوداری کورد، شێرکۆ بێکەسە و لە کۆڕەکەدا رەزا تەهماسبی، مامۆستا و چالاکڤانی ئەدەبی شرۆڤەیەک بۆ کتێبەکە پێشکێش بکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سنە رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆڕەکە کرد.
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاند، "روانگەی دەسەڵات بەرامبەر چالاکڤانانی کورد نەگۆڕاوە."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانەی گشتیی سنەیان ئاگادار کردووەتەوە کە نابێ ئەو کۆڕە بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئەوەی کێشەیان لەگەڵ کتێبەکە و ئەو کەسەش هەیە کە بڕیارە شرۆڤەی بکات.
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران سەرکۆنەی رێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕە دەکات و دەڵێت، گۆڕینی کابینەکانی حکومەت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر روانگەی گشتیی دەسەڵات بەرامبەر چالاکڤانانی پیشەیی، ئەدەبی و هونەری کوردستان نییە و لەم کابینەیەشدا هاوشێوەی رابردوو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ