یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران: بکوژانی فەخریزادە لە رێگەی سەقزەوە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتن
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری نەتەوە، ئایین و ئایینزاکان و وەزیری پێشووی ئیتڵاعات رایگەیاند، بکەرانی تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران؛ لە رێگەی سەقزەوە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتن. هەروەها دەڵێت، نەیانتوانیوە بکوژانی چوار زانای دیکەی ئەتۆمی بدۆزنەوە.
رۆژی دووشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2024 مەحموود عەلەوی، یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری نەتەوە، ئایین و ئایینزاکان و وەزیری پێشووی ئیتڵاعات لە گوتارێکدا لە ناوەندی بەڵگەکانی شۆڕشی ئیسلامی، باسی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی کرد.
مەحموود عەلەوی کە لە کاتی کوشتنی موحسین فەخریزادە، زانا ئەتۆمییە بەنێوبانگەکەی ئێران لە ساڵی 2020 وەزیری ئیتڵاعات بوو، سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند، "لە دۆسیەی فەخریزادەدا، ناسنامەی هەموو ئەنجامدەران دەستنیشانکران، بەڵام رووبەڕووی دووژمنێکی وریا ببووینەوە، نیو کاژێر پێش ئەوەی بگەینە لایان، لە شوێنەکە هەڵاتن."
عەلەوی بانگەشەی ئەوە دەکات، چەندین جار بە شوێنی ئەنجامدەرانی رووداوی تیرۆرکردنی فەخریزادەیان زانیوە و ویستوویانە دەستبەسەریان بکەن، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا ئەو کەسانە هەڵاتوون.
بە گوتەی وەزیری پێشووی ئیتڵاعاتی ئێران، ئەنجامدەرانی رووداوی تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە، لە تارانەوە بەرەو شارەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە هەڵاتن، دواجار لە رێگەی شاری سەقزەوە توانیویانە لە ئێران بچنە دەرەوە.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری نەتەوە، ئایین و ئایینزاکان باسی دۆسیەی کوشتنی چوار زانای دیکەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، لە دۆسیەی تیرۆرکردنی هەر چوار زانای ئەتۆمی عەلی مەحموودی، شەهریاری، رەزایی نەژاد، ئەحمەدی رۆشن تەنانەت نەیانتوانیوە ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن کە تاوانەکەیان کردووە، "تەنانەت نەمانتوانی بە وردی لە شێوازەکانی تیرۆرکردنیان بکۆڵینەوە."
موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێران لە 27-11-2020 لە ناوچەی ئابسەردی تاران کوژرا؛ چوار زانای ئەتۆمییەکەی دیکەیش، لە نێوان ساڵەکانی 2011 تاوەکو 2013 کوژراون.