ئێران کوژرانی دوو سەربازی لە هێرشەکەی ئیسرائیل راگەیاند

26-10-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024 سوپای ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا کوژرانی دوو لە ئەندامانی راگەیاند.
 
سوپای ئێران بەبێ ئاماژەدان بە هیچ شوێنێک نووسیویەتی، "شەوی رابردوو لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکەی رژێمی تاوانکاری زایۆنیدا، بە مەبەستی بەرگریکردن لە ئاسایشی ئێران و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە گەل و بەرژەوەندییەکانمان، دوو لە ئەندامانی خۆیان کردە قوربانی."
 
سوپاکە ئاماژەی بە ناوی کوژراوەکان نەداوە، بەڵام بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان یەکێکیان ناوی حەمزە جەهاندیدە لە بەندەر ماهشەهری سەر بە پارێزگای خوزستان و بەر بۆردوومانەکە کەوتووە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکەنە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران."
 
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەکەی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی بەڕێکەوتنی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ بۆردوومانی ئێران

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بەهای بۆرسەی تاران هەزاران خاڵ بەرزبووەوە

تاوەکو پێش هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی ئیسرائیل، یەک دۆلار بە زیاتر لە 69 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام بەپێی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران لەبەرئەوەی کە هێرشەکان سنووردابوون. بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی زیانی ئەوتۆی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بازاڕەکان لە ئێران بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە.