میدیای ئەمریکا: ئیسرائیل ئێرانی لە ئەنجامدانی هێرشەکە ئاگادار کردبووەوە

26-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئەمریکا دەڵێت، ئیسرائیل، ئێرانی لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئاگادار کردبووەوە و هۆشداریشی پێدابوو کە وەڵام نەداتەوە.
 
رۆژی شەممە 26-10-2024 ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ئێران. میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، پێش هێرشەکە "ئیسرائیل پەیامی ناردبوو، ئێرانی ئاگادار کردبووەوە کە هێرش دەکات و ئاماژەی بەوەش کردبوو کە وەڵام نەداتەوە بۆئەوەی هێرشی زیاتر نەکرێت."
 
میدیای ئەمریکا باسی ئەوە دەکات، ئیسرائیل راستەوخۆ بە ئێرانی نەگوتووە هێرش دەکاتە سەری، "بەڵام لە رێگەی چەند لایەنێکی دیکە، لەوانەش کاسپەر ڤێڵدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەنداوە ئاماژەی بە ئێران دابوو کە چاوەڕوانی هێرش بێت."
 
کاژێر 07:15ی ئێوارەی دوێنێ هەینی (بە کاتی هەولێر) واتە نزیکەی حەوت کاژێر بەر لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڤێلدکامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی جەنگ و تەنگژە زۆرەکانی ناوچەکە قسەم کرد. لەبارەی تەنگژەکانەوە داوام لێکرد دان بە خۆیاندا بگرن. مەرجە هەموو لایەنەکان کار بۆ ئەوە بکەن رێگە لە زیادبوونی گرژییەکان بگرن."
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، "ئیسرائیل بە روونی بە ئێرانییەکانی گوتبوو کە هێرشێکی گشتی دەکاتە سەر ئێران."
 
بەرەبەیانی 26-10-2024 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و هەر زوو دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "فڕۆکەکانمان خەریکن چەند هێرشێکی ورد دەکەنە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران."
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکە کرایە سەر چەند پێگەیەکی سەربازی، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دامەزراوەی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی.
 
پێش ئەو هێرشە، ئێران دوو جار راستەوخۆ هێرشی کردە سەر خاکی ئیسرائیل. جاری یەکەم لە 14ی نیسانی ئەم ساڵ و جاری دووەمیش لە 1ی تشرینی یەکەم.
 
بەپێی راپۆرتەکە کە پشتی بە سێ سەرچاوەی ناونەهێندراو بەستووە، ئیسرائیل بە ئێرانی گوتووە، "ئەگەر وەڵام بدەیتەوە، هێرشی بەهێزتر دەکرێتە سەر ئێران."
 
دوای نزیکەی سێ کاژێر و سێ گەڕی هێرش بۆ سەر 20 ئامانج، ئیسرائیل "تەواوکردنی ئەرکەکە"ـی راگەیاند و گوتی، "ئەگەر ئێران هەڵەیەک بکات و گرژییەکان زیاد بکات، ناچار دەبین دیسان وەڵام بدەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە