لە شەڕێکدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران 10 پۆلیس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، لە ئەنجامی پێکدادانی یەکەیەکی پۆلیس و "تۆڕێکی تیرۆریستی" لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، 10 ئەندامی هێزەکەی پۆلیس کوژراون.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی تشرینی یەکەم، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، لە سنووری شاری تەفتانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان هێرشکرایە سەر یەکەیەکی پۆلیس و لە ئەنجامدا 10 کەس لە هێزەکانی پۆلیس کوژران.
بەرپرسێکی پۆلیسی سیستان و بەلووچستانیش دەڵێت، هێزێکی چەکدار لە گەوهەرکێوی شاری تەفتانی پارێزگاکە هێرشەکەیان کردوەتە سەر یەکەیەکی پۆلیس و لە ئەنجامدا 5 کەس لە هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ کوژراون و 5 کەسی دیکەش دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەوە گیانیان لە دەستداوە.
جەیشولعەدل، گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە، لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.