ئێران: وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی رژێمی زایۆنی دەدرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، هەر دەستدرێژییەکی ''رژێمی زایۆنی'' بە هەموو هێزەوە وەڵام دەدرێتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی رایگەیاند، ''هەر دەستدرێژییەکی رژێمی زایۆنی بە تووندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە''. 
 
ئیسماعیل بەقایی سەبارەت بە راپۆرتێکی میدیای ئەمریکی کە باس لەوە دەکات هەوڵەکان چڕ دەکرێنەوە بۆ ئەوەی ئێران وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل نەداتەوە، گوتی، ''ئەوە بە تەواوی چەواشەکارانە و بێ بنەمایە.'' 
 
قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێن کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا."  
 
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.''
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
تاوەکو ئێستا کوژرانی دوو لە ئەندامانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی هێرشەکەوە بە فەرمی راگەیێندراوە.