لە چین فرۆشیارێک لەسەر شێوەی مەیموون سەرنجی کڕیاران رادەکێشێت


رووداو دیجیتاڵ

لەنێو جەرگەی بازاڕە میللییەکەی شاری چانگشا لە چین، گەنجێک یاریی بە هەویر دەکات بەرلەوەی بیکات بە پانکەیک و بیفرۆشێت. وی ژووی تەمەن 28 ساڵ، ئەمسەر و ئەوسەری پێدەکات و هەڵیدەداتە ئاسمان و دەیگرێتەوە، بەوەش ناوبانگێکی باشی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بۆخۆی پەیداکردووە.
 
وی ژوو، کێکساز دەڵێت، "لە 2017 لە رێستۆرانتێک نۆدلی لوولپێچیم دروستدەکرد. کێکسازێکم کەوتەبەرچاو یاریی بە هەویر دەکرد، گوتم مادام دەزانم یاری بە نۆدل بکەم دەتوانم یاریی بە پانکێکیش بکەم. لەکاتی بەتاڵدا بۆخۆم هەر یاریم بە پانکێک دەکرد. لەماوەی سێ مانگدا شارەزایی تەواوم بەدەستهێنا لەوبوارەدا."
 
هەر رۆژێک وی ژوو زانی بازاڕی نییە، دەچێتە ژوورێکەوە، پۆشاکێک لەبەردەکات و بە بەرچاوی ئەو خەڵكە خۆی دەکات بە مەیموون. بیرۆکەی ئەو مەیموونەی لە کاراکتەری رۆمانێکی چینی سەدەی 16ـەهەم بە ناوی سون ووکۆنگ وەرگرتووە.
 
وی ژوو باس لەوەش دەکات، "یەکەمجار قورس بوو کە لە شارۆچکەکەی خۆم دەستم پێکرد، چونکە خەڵک نەیاندەزانی فڕاندنی پانکێک چییە. پانکەیکەکانم باش نەدەفرۆشران. دوایی شێوەی خۆم کرد بە مەیموون تاوەکو ناوبانگەم دەرکرد."
 
وی ژوو بازرگانییەکەی ناوناوە "پانکێکی فڕیوە"، بەو پێیەی هەویرەکەی تا کاتی برژاندنی بە ئاسمانەوە دەسوڕێتەوە. ئەو گەنجە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بەو نمایشە سەیروسەمەرەیەی، یەک ملیۆن فۆڵۆوەری لەخۆی کۆکردووەتەوە. بەشێکی کڕیارەکانی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە شوێنەکەی پێدەزانن و سەردانی دەکەن.