بەهۆی فرۆشتنی خواردنەوەی کحولیی ساختەوە لە ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار کەسدا سەپێنرا


رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران 11 کەسی بە تۆمەتی فرۆشتنی خواردنەوەی کحولیی ساختە دادگایی کرد و سزای لەسێدارەدانی بەسەر چوار کەسیاندا سەپاند. گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، ئەو کەسانە "بۆ دروستکردنی خواردنەوەی کحولی، سوودیان لە کحولی پیشەسازی وەرگرتووە".

رۆژی سێشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2023، مەسعود ستایشی، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، 11 کەس بەهۆی فرۆشتنی خواردنەوەی کحولیی ساختەوە لە پارێزگای ئەلبورز گیرابوون و ئەمڕۆ سزاکانیان لەلایەن دادوەرەوە خوێندرایەوە.
 
بە گوتەی مەسعود ستایشی، "چوار لە تاوانبارە سەرەکییەکان بە تۆمەتی ناپاکیکردن لە وڵات، ئەوەش لە رێگەی زیانگەیاندن بە تەندروستیی خەڵکەوە بە لەسێدارەدان سزادران".
 
لە سەرەتای نیسان و نێوەڕاستی تەممووزی ئەمساڵدا لە پارێزگای ئەلبورز، خواردنەوەی کحولیی ساختە و بەسەرچوو بووە هۆی گیانلەدەستدان، ژەهراویبوون و لەدەستدانی بینایی دەیان کەس لەو پارێزگایە.
 
بەگوێرەی گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جگە لە سزاکەی ئەو چوار کەسە، چوار لە "تاوانباران"ی دیکەی ئەو کەیسە بە پێنج ساڵ زیندانی، دوو کەسی دیکەش بە دوو ساڵ زیندانی و ئەوی دیکەیان بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
 
مەسعود ستایشی گوتی، "بەگوێرەی دانپێدانانەکان، ئەو تاوانبارانە بۆ دروستکردنی خواردنەوە کحولییەکان، کحولی پیشەسازییان بەکارهێناوە کە ئەو جۆرە کحولە بۆ دروستکردنی کەرەستەی جوانکاری و کیمیایی بەکاردێت، بەڵام تاوانباری سەرەکی کەیسەکە، کە خۆی بەشی کیمیای خوێندووە، سەرباری ئەوەی ئاگاداری مەترسییەکانی ئەو جۆرە کحولە بووە، دەستی نەپاراستووە و خواردنەوەی کحولی پێ دروستکردووە".