پارێزەری دۆسێی ژینا ئەمینی: ژینا بە نەخۆشی نەمردووە، بەڵکو کوژراوە

26-09-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تیمێک لە پارێزەران بۆ دۆسێی مەرگی ژینا ئەمینی دەستبەکاربوون و ئەمڕۆ لە تاران بەشداریی یەکەم پرۆسەی دادگەییکردنەکەیان کرد، یەکێک لەو پارێزەرانە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ژینا ئەمینی بە نەخۆشی نەمردووە، بەڵکو "کوژراوە"، ئاماژە بەوەش دەدات کە لە رابردووشدا چەندین کەسی دیکە وەکو ژینا لە زیندانەکاندا "کوژراون."
 
مەرگی کچێکی کوردی تەمەن 22 ساڵانی شاری سەقز لە تارانی پایتەختی ئێران و لە بنکەیەکی پۆلیس بەناوی "پۆلیسی رەوشت،" کاردانەوەی بەرفراوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێران لێکەوتووەتەوە، تاوەکو ئێستا ئەوەی پشتڕاستکرابێتەوە لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 17 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەگشتییش لە هەموو ئێران 54 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش جیا لە دەستگیرکردنی سەتان کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرووی 2500 کەس لە سەرتاسەری ئێران.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-09-2022، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری پلە یەکی کورد لە تاران میوانی بەرنامەی (گفتوگۆی رۆژنامەنووس)ی رادیۆی رووداو بوو، کە هەفتانە پێشکێش دەکرێت.
 
ساڵح نیکبەخت، ئێستا لەگەڵ تیمێک لە پارێزەران کار لەسەر دۆسیەی ژینا ئەمینی دەکەن، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ تیمەکەی لە دەزگای دادوەریی تاران ئامادەبوون "بە مەبەستی بەرگری لەو کارەساتەی بەسەر بنەماڵەی ئەمینی و بە مانایەکی دیکە کوشتنی ژینای ئەمینیدا هات."
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، "کوشتنی زیندانییەکان یان ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک دەبرێنە نێو ئەو بەندیخانانەی کە دەستگیرکراوەکانی تێدا رادەگیرێت، شتێکی تازە نییە، یانیش پەیوەست بێت بە ژیناوە. بەڵکو لە ماوەی 43 ساڵی رابردوودا بە تایبەت لە ساڵەکانی 1981 و 1982 بەولاوە کوشتنی زیندانی لە ئێراندا زۆر بەربڵاوە، بەڵام ئەوەی لە 20 ساڵی رابردوودا پێشهاتووە، کاتێک کە کەسێک دەستگیر دەکرێت چ ژن چ پیاو، چ لاو، چ پیر و کەسانی بەساڵاچوو، زۆر زۆرتر بووە بەراورد بە رابردوو."
 
لەسەر گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی، ساڵح نیکبەخت ئاماژەی بەوە کرد، "پرسی ژینا بە شێوەیەک ئەنجامدراوە، کە لە بواری مافی مرۆڤەوە بە هیچ عەقڵانیەتێک قابیلی قبووڵ نییە. لەبەر ئەوەی ژینا کچێکی لاو بووە، تەمەنی 22 ساڵ بووە، زۆر شاد و لەسەرخۆ بووە، هاتووە بۆ شوێنێک کە پارکێکی زۆر گەورەیە، لەوێ پردێک دروستکراوە بەناوی پردی سرووشت، هەر کەسێک سەردانی ئەو شوێنە دەکات دڵخۆش دەبێت. کاتێک کە ژینا دەستگیر دەکرێت بە گوتەی فەرماندەی پۆلیسی تاران بەناوی سەردار رەحیمی، گوتوویەتی: ژینا تەنانەت لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلەی دەیانبرد بۆ بنکەی پۆلیسی رەوشت، کە دەکەوێتە شەقامی وەزیران، ئێستا لە گووگڵ ناوی ئەو شەقامەیان گۆڕیوە بۆ شەقامی بکوژان. بۆ حکومەتێک ئەگەر رێز لە یاسا بگرێت زۆر جێگەی سەرنجە بۆ دەبێت کارێکی وا بکات لە شوێنێکدا ئەوەندە خەڵک بکوژرێت."
 
بە بڕوای ئەو پارێزەرە کوردە، "کوشتنی ژینا لە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێردا بووە، لەنێوان دەستگیرکردنی تاوەکو ئەوکاتەی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، کاتێک ژینا دەگاتە بنکەی پۆلیسی رەوشت کەمتر لە یەک کاژێر و 40 خولەک دەمێنێتەوە. بە گوتەی خودی فەرماندەی پۆلیسی تاران ژینا لەنێو ئۆتۆمبێلەکە گاڵتەی کردووە و پێکەنیوە، کاتێکیش کە گەیشتووەتە نێو بنکەی پۆلیس، لەوێ دەکەوێت و تووشی جەڵتەی مێشک و دڵ دەبێت و دوو گورچیلەی لەکاردەکەوێت. ئەوانەی لەبارەی ژیناوە دەگوترێت کە گوایە پێشتر نەخۆشیی هەبووە، ئەمانە هەمووی درۆیە و هیچ کامێکی جێگەی باس نییە."
 
ساڵح نیکبەخت باس لەوە دەکات کە تیمی پارێزەرانی ئەو کەیسە ئەمڕۆ لە دادگە "داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی بێلایەنیان کردووە لە پزیشکان، دەروونناسان، کۆمەڵناسان، لەگەڵ رۆژنامەڤانێكی سەربەخۆ، تاوەکو ئەوکاتەی یاساناسێکی بەتوانا لەنێو ئەو لیژنەیەدا نەبێت قبووڵمان نییە، هەربۆیە ئەمڕۆ دانیشتنەکە بە ناتەواوی کۆتاییهات و باوکی ژیناش کە هاتبووە تاران ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ گەڕاوەتەوە بۆ شاری سەقز."
 
ئەو پارێزەرە گوتیشی، "ئەمەی کە کراوە، تەنیا بەرامبەر بە ژینا نەکراوە، بەڵکو زۆر کردەوەی وا هەر لەو شوێنە و شوێنەکانی دیکە و هەروەها لە شارەکانی دیکەدا روویانداوە، نزیکەی 17 ساڵ لەمەوبەر خانمێک هەر لە پۆلیسی رەوشتی هەمەدان بە ساغ و سەلامەتی دەستگیرکرا و بەیانیی دواتر تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە. چەند ساڵێک پێش ئێستا خانمێک لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکی، کە یەکێک لە ریفۆرمخوازە بەنێوبانگەکانیش بوو بەناوی موهەندیس سەحابی بە زەبری هێز لە بنەماڵەکەی جیایان کردەوە، دوای ماوەیەکی زۆر کەم، گیانی لەدەستدا."
 
لەبارەی ناڕەزایەتییەکانیشەوە، ساڵح نیکبەخت ئاماژە بەوە دەدات، خۆپێشاندانەکان سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە هەر لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای ئێران، لە باشوورەوە بۆ باکووری ئێران، لەنێو تەواوی ئەو نەتەوانەی لەنێو ئێراندا دەژین وەکو کورد، فارس، عەرەب، تورک، تورکمان و بەلووچ ئەو ناڕەزایەتییانە هەن، "ئەمە یەکەمین جاریشە بەو بەرفراوانییە خەڵکی ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕن بە رەچاونەکردنی یاساکان و سەلامەتیی گیانی ئەوانەی بۆ ماوەیەک دەگیرێن و بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ گیانلەدەستدانیان هەبێت و دەڵێن گیانی لەدەستداوە."
 
ئەو پارێزەرە کوردە دەپرسێت "چۆن دەکرێت یەکێک دوو کاژێر پێشتر هیچ کێشەیەکی نەبێت لەنێو ئۆتۆمبێلێکیشدا کە دەستگیری دەکەن و دەیبەن بۆ بنکەی پۆلیس و گاڵتە و پێکەنین بکات، بەڵام دوای کاژێرێک و 40 خولەک لە بنکەی پۆلیسەوە بیبەن بۆ نەخۆشخانە؟"
 
سەبارەت بە سەلماندنی کوژرانی ژینا لە دادگە و خستنەڕووی بەڵگە، ساڵح نیکبەخت دەڵێت، "لەو بڕوایەدا نین دادگەکانی ئێران هەموویان دادگەی شکستخواردووبن، تاوەکو ئێستا زۆر حوکمی زاڵمانەیان دەرکردووە، لەوبارەیەوەش حوکمێک دەربکەن کە ژینا کوژراوە و کوشتنەکەشی کوشتنی بەئەنقەستە."
 
هەروەها ساڵح نیکبەخت باسی لەوەش کرد، "تیمی پارێزەرانی دۆسیەی ژینا ئەمینی داوای ئەوەشیان کردووە، ناکرێت ئەو دۆسیەیە لە پرۆسەیەکی دادگاییکردن وەکو ئەوانەی پێشوو یان ئەوەی پزیشکە یاساییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا کردوویانە تەواو بکرێت، بەڵکو دەبێت لیژنەیەکی 5 کەسی لە دوو پزیشکی پسپۆڕی دڵ و دوو پزیشکی پسپۆڕی مێشک و پزیشکێکی پسپۆڕی گورچیلە پێکبهێندرێت و بڕیار لەو دۆسیەیە بدەن. لەبەر ئەوە چاوەڕێی ئەوە ناکەین و دڵنیاین دەزگای حکومەتی ئێران تاوەکو ئێستا و لە رابردووشدا ئەو کارەیان نەکردووە و نایکەن، چونکە دەزگای حکومەت ئەگەر ئەو کارە بکات، تەنیا مەحکوم نابێت بە دۆسیەی کوشتنی ژینا، بەڵکو مەحکوم دەبێت بەو دۆسیانەش کە لە رابردوودا روویانداوە و ئینکاری لە کوشتنی ئەو کەسانە کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران

جێگری فەرماندەی پاسداران: فەرمانی رێبەر بۆ تۆڵەسەندنەوەی هەنییە لە ئیسرائیل روونە

جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران "روونە،" کە دەبێت لە بەرامبەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، "سزایەکی قورس"ی ئیسرائیل بدەن