لە ئێران یەکەمین یاریدەدەری کوردی سوننە بۆ سەرۆککۆمار دەستنیشان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئێران بۆ یەکەمین جار لە مێژووی "کۆماری ئیسلامی"، کوردێكی سوننە مەزهەب بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆککۆمار دەستنیشان دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 26-8-2024، عەبدولکەریم حوسێنزادە، نوێنەری شارەکانی نەغەدە و شنۆ لە پەرلەمانی ئێران لەلایەن مەسعود پزیشکیان وەک یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری پەرەپێدانی گوند و ناوچە پەراوێزخراوەکان، دەستنیشان کرا.
 
حوسێنزادە کوردە و لە دایکبووی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و سوننەیە. 
 
دەستنیشانکردنی حوسێنزادە لە چوارچێوەی بەڵێنی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دێت کە رەخنەی لە کەمی نوێنەرانی پێکهاتە جیاجیاکانی ئێران لە دەسەڵات و پۆستە باڵاکانی ئەو وڵاتە گرتبوو.
 
عەبدولکەریم حوسێنزادە، تەمەن 44 ساڵە و ریفۆرمخوازە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بۆ سێیەمجار بە نوێنەری شارەکانی نەغەدە و شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژێردرا. 
 
پێشتریش حوسێنزادە ئەندامی خولی 9 و 10ی پەرلەمانی ئێران بووە و ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمان بووە. 
 
حوسێنزادە بەوە ناسراوە کە لە گوتارەکانی لە پەرلەمان ئاماژەی بە بابەتی نەتەوە؛ کولتوور و فرەزمانی داوە و جەختی لە گرنگی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و مەزهەبە جیاجیاکان لە ئێران کردووە و لەو بارەیەوە کتێبێک لە ئینگلیزییەوە بۆ فارسی وەرگێڕاوە بە ناونیشانی "ئیدارەدانی فرە نەتەوەیی: واتا و کردار لە روانگەی نێودەوڵەتییەوە".
 
بە درێژایی ساڵانی کارکردنی لە پەرلەمان، تیشک و سەرنجی خستووەتە سەر مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەتی هەژاران و لەنێویاندا کۆڵبەرانی کورد، زیندانییانی سیاسی و گرنگی تایبەتیشی بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا داوە و یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکان لە داواکردنی هەڵگرتنی سانسۆر و  قەدەخەی سەر سۆشیالمیدیا و ئینتەرنێت و رێگەدان بە کۆبوونەوە و گردبوونەوەی ئاشتییانەی خەڵک.
 
دوایین و تاکە هاووڵاتی سوننە مەزهەب کە پێش عەبدولکەریم حوسێنزادە پۆستی وەرگرتبوو یەحیا سادق وەزیری بوو کە لە خێزانە ناودارەکانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، وەزیری بۆ ماوەیەکی کورت بە وەزیری داد دانراوە لە دوایین کابینەی سەردەمی محەمەدڕەزا پەهلەوی، شای ئێران.