کڕینی گۆشتی سوور لە ئێران لە یەک مانگدا 20٪ کەمبووەتەوە

26-08-2022
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی سەندیکای دابینکردن و دابەشکردنی گۆشتی ئێران رایگەیاند، مانگی رابردوو بەراورد بە مانگی پێشتر خواردنی گۆشت لەو وڵاتە بە رێژەی 20٪ کەمبووەتەوە.
 
مەهدی میرزائەمین، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی سەندیکای دابینکردن و دابەشکردنی گۆشتی ئێران ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، مانگ بە مانگ خواست لەسەر گۆشتی سوور کەمتر دەبێتەوە. ئەمساڵ بەراورد بە پار خواست لەسەر گۆشتی سوور 100٪ کەمبووەتەوە و مانگی رابردووش بەراورد بە مانگی پێشتر رێژەی فرۆشتنی گۆشت 20٪ دابەزیوە.
 
حەسەن ئاموویی، سەرۆکی سەندیکای گۆشتفرۆشانی پارێزگای کرماشانیش رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا نرخی گۆشت 20 بۆ 30 هەزار تمەن زیادیکردووە و لە بەرامبەردا خواستی خەڵک لەسەر کڕینی گۆشتی سوور 10 تاوەکو 15٪ کەمبووەتەوە. ئاموویی دەڵێت، دۆخی ئابووریی خەڵک خراپتر بووە و توانایان بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان زۆر دابەزیوە.
 
سەرۆکی سەندیکای گۆشتفرۆشانی پارێزگای کرماشان دەڵێت، ساڵانی رابردوو بەشێوەی مامناوەندی هەر تاکێک لە یەک ساڵدا 14 کیلۆ گۆشتی دەخوارد، بەڵام ئێستا بۆ 3 کیلۆ دابەزیوە.
 
نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیکەی 150 هەزار تمەنەوە دەستپێدەکات تاوەکو سەرووی 200 هەزار تمەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە