لە تاران بۆ کڕینی گۆشتی مریشک خەڵک لە عەلوە نۆرەدەگرن

رووداو دیجیتاڵ

لە بازاڕی عەلوەی تاران هەرکەس هەرچەند لە توانایدا بێت مریشک دەکڕێت، چونکە لەو بازاڕەدا کیلۆیەکی بە 75 هەزار تمەنە (زیاتر لە یەک دۆلار و نیو) کە ئەمە نرخی دیاریکراوی حکومییە، لەکاتێکدا لە بازاڕەکانی دیکە نرخی کیلۆیەکی بە زیاتر لە 100 هەزار تمەنە (نزیکەی سێ دۆلار).
 
لەم رۆژانەدا دیسان نرخی مریشک و گۆشت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵکشاونەتەوە.
 
کڕیارێک، لە عەلوەی تارانەوە قسە دەکات و دەڵێ "چونکە خواست زۆرە، دەبێت خستنەبازاڕ زیاتر بێت، هەروەها چاودێریی بەسەر بازاڕیشدا بکرێت".
 
ئەم بارودۆخە ناڕەزایەتی سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیشی بە دواداهات. محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی "هیوادارم بازاڕی مریشک سەقامگیر بێت. پێش ئەوەی کێشەکە پارە بێت، کێشەکە لە شێوازی بەڕێوەبردن و رێکنەخستندایە لە زنجیرەی کارەکاندا."
 
دوای ئەم رەخنانە، جێگری رێکخراوی کشتوکاڵی تاران هاتە بازاڕی فرۆشتنی میوە و سەوزە، هەوڵدەدات نیشانی بدات هەموو شت ئاساییە.
 
سەید عەلی بابایی، جێگری رێکخراوی کشتوکاڵی تاران گوتی "هۆکاری قەرەباڵخیی ئێرە، ئەوەیە هاوکات لەگەڵ هاتنی عاشوورا و تاسوعا خەڵکێکی زۆر سەردانی وردە فرۆشییەکان دەکەن. من، بیستم لێرە دەیانگوت سێ کاژێرە لە نۆرەدا راوەستاوین، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەی، هەرکەسێک 15 خولەکیش لە نۆرەدا ناوەستێت، ئەگەرچی هەندێ کەس چواردە، پازدە مریشکیان کڕیوە. مریشک زۆر زۆرە، هیچ کێشەیەکی تایبەتمان نییە."
 
گرانبوونی زیاتری مریشک بۆ گرانبوون و نەبوونی ئالیکی پەلەوەر دەگەڕێتەوە. چەند رۆژ لەومەوبەر سەعید جەوادی، بەڕێوەبەری بازرگانی و پیشەسازی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان گوتی "هۆکاری نەبوونی مریشک لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ گەرمبوونی هەوا و درەنگ بەتاڵکردنی جوجکە لە بەندەرەکان." 
 
هاوکات لەگەڵ گرانبوونی مریشک، بەهای گۆشتی سووریش گران بووە.
 
بەڵێنی بەرپرسان بۆ سەقامگیریی لە بازاڕدا زۆر جاران دووپات بووەتەوە، بەڵام دیسانیش نرخەکان هەڵکشاون، ئەمەش کاریگەریی لەسەر سفرەی توێژە کەمداهاتەکان بووە و ئەم خواردنە سەرەکییەکان لەسەر سفرەکانیان کەمڕەنگ بووەتەوە.