ئێران: دەرهێنانی پاسداران لە لیستی تیرۆر کۆسپی سەرەکی بەردەم رێککەوتنی ئەتۆمی نییە

26-05-2022
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بابەتی دەرهێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکا گەورەترین بەربەستی بەردەم کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی نییە و داوایانکردووە، واشنتن گەرەنتی سوودمەندبوونی ئێران لە رێککەوتنەکە بکات و کۆتایی بە کەمپینی ئەوپەڕی گوشار بێنێت، کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپەوە دەستیپێکردووە.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهییان ئەمڕۆ چوارشەممە لە گوتارێکدا لە کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری لە داڤۆس رایگەیاند، ئیسرائیل بابەتی سوپای پاسداران گەورە دەکاتەوە، بەڵام هۆکاری سەرەکی بەرەوپێشنەچوونی دانوستاندنەکان، پێداگری تارانە لەسەر سوودمەندبوونی تەواو لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی و داوایکردووە، گەرەنتی پێبدرێت بەرژەوەندییەکانی پارێزراو دەبن.
 
لەبارەی دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکاش گوتی، واشنتن سەرەتا دەبێ جیاوازبوونی بایدن لە ترەمپ بسەلمێنێت و هەرکات دڵنیابن هەڵسوکەوتی ئەمریکییەکان گۆڕاوە، ئامادە دەبن دانوستاندنیان لەگەڵدا بکەن.
 
دەشڵێت، لەمدواییانەدا دەستپێشخەرییەکی تازەیان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە خستووەتەڕوو و کابینەی بایدن دەبێ کەمپینی ئەوپەڕی گوشارخستنە سەر ئێران بوەستێنێت.
 
سوپای پاسدارانی ئێران، لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە، خراوەتە لیستی تیرۆری ئەو وڵاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە