ئەو دوو رۆژنامەڤانە ئێرانییەی لەسەر دۆسیەی ژینا ئەمینی دەستبەسەرکران دادگایی دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئەو دوو رۆژنامەڤانە ئێرانییەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرت لەبارەی لێدان و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمنی دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و چالاکیی دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دادگایی دەکرێن.
مەسعود ستایشی، گوتەبێژی دەزگای دادی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 26-04-2023 رایگەیاند، دۆسێی نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و چالاکیی دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و هەروەها بانگەشەکردن دژ بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دراوەتە دادگە.
ئەو رۆژنامەڤانانە لە لقی 15ی دادگەی شۆڕشی تاران دادگایی دەکرێن. سەرۆکی ئەو لقەی دادگای شۆڕشی تاران، ئەبولقاسم سەلەواتییە کە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاوە خراوەتە لیستی گەمارۆکان بە تۆمەتی ئەوەی رۆڵی دیاری هەیە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا.
نیلوفەر حامیدی دوای گەیاندنی ژینا ئەمینی بە نەخۆشخانە، راپۆرتێکی لەبارەی دەستبەسەرکردن و تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە کوردە لە گرتووخانەی پۆلیسی رەوشتی تاران بڵاوکردەوە و بەو هۆیە لە 21-09-2022 دەستبەسەر کرا.
هەروەها ئیلاهە محەممەدی راپۆرتێکی لەبارەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە سەقز و ناڕەزایی خەڵک بڵاوکردەوە و لە 27-09-2022 دەستبەسەر کرا.
سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران پێشتر لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی ناڕەزاییەکان، ئەو دوو رۆژنامەڤانەیان بە "سیخوڕ"ی بۆ وڵاتانی رۆژئاوایی تۆمەتبار کردووە.
بەڕێوەبەرانی رۆژنامەکانی "شەرق" و "هەم میهەن" کە ئەو دوو رۆژنامەڤانە کاریان تێدا دەکردن، تۆمەتبارکردنی نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدییان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، ئەوان بە ئاگاداریی بەڕێوەبەریی رۆژنامەکان، راپۆرتیان لەو بارەوە بڵاوکردووەتەوە و کارەکەیان لە چوارچێوەی یاساکانی ئێراندا بووە.