نوێنەری پێشووی عەلی خامنەیی لە باکووری ئێران کوژرا

26-04-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری و نوێنەری پێشووی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژرا.
 
عەباسعەلی سولەیمانی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەنێو بانکێک لە نێوشاری بابولسەری پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران تەقەی لێکرا و کوژرا.
 
میدیای ئێران رایگەیاندووە، بکوژ بە چەکی پاسەوانی بانک تەقەی لە عەباسعەلی سولەیمانی کردووە و کوشتوویەتی و، سێ کەسی دیکەش بریندار کراون.
 
رووحوڵڵا سەلەگی، جێگری پارێزگاری مازەندەران بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، بکوژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
 
پلەی ئایینیی عەباسعەلی سولەیمانی ئایەتوڵڵا بوو و، پێشتر پێشنوێژی حکومی شاری زاهیدان و هەروەها نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان. ئەو هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانە کە ئەنجوومەنێکی تایبەت بە دەستنیشانکردن و لەسەر کار لابردنی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
 
تائێستا هۆی تەقەکردن لە عەباسعەلی سولەیمانی و کوشتنی دیار نییە و بەرپرسانی پارێزگای مازەندەران رایانگەیاندووە، دوای لێکۆڵینەوە لە بکوژ، زانیاری زیاتر بڵاو دەکەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە