رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی ئەو وڵاتەی بە پاساوی "مەترسی لەسەر یەکپارچەیی وڵات و لاوازکردنی زمانی فارسی" رەتکردەوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025) لە پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی ئەو وڵاتە خرایە دەنگدانەوە، 130 پەرلەمانتار بە "نەخێر" و 104 پەرلەمانتار بە "بەڵێ" دەنگیان پێیدا، پێنج پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا. بەمەش پڕۆژەیاساکە بە زۆرینەی دەنگ، رەتکرایەوە.
ئیحسان عەزیمی نەژاد، ئەندامی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند "ئەو پڕۆژەیاسایە بە پشتبەستن بە ماددەی 15ـی دەستووری ئێران ئامادە کراوە، کە رێگە بە خوێندن بە زمانی دایک دەدات".
محەممە مەهدی شەهریاری، پەرلەمانتار کە دژی پرۆژەیاساکە بوو، گوتی، "لە بارودۆخی ئێستا ئەو پرۆژەیاسایە بە قازانجی ئێران نییە، چونکە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی نیشتمانی دەخاتە مەترسییەوە."
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە؛ جێبەجێکردنی یاساکە پێویستی بە راهێنان و مامۆستا هەیە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بودجەی پێویستی بۆ ئەم مەبەستە نییە.
بەشێکی دیکەی پەرلەمانتاران، پێیانوایە خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران، دەبێتە هۆی لاوازبوونی زمانی فارسی.
بەپێی مادەی 15 لە دەستووری ئێران، خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی دیکە لە پاڵ زمانی فارسی، رێگەپێدراوە بەڵام تاوەکو ئێستا کار بەو مادەیە نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ