ئێران 190 هەزار پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن تەرخان دەکات

26-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئێران دەڵێت، 190 هەزار پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی 1ـی ئادار لە ئەرکدا دەبن.
 
سەعید مونتەزەرمەهدی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئێران دەڵێت، پۆلیس و دەزگە ئەمنییەکانی دیکە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، پلانی باشیان داناوە و هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوانیاندا هەیە.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕگەکانی 70، 76 و 77ـی یاسای هەڵبژاردنی وڵات، چاودێریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە ئەستۆی پۆلیسدایە، گوتی "بەپێی ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراوە، ئەو بابەتەش کاری پۆلیسە و ئەگەر پێویستی بە ئاگادارکردنەوە یان تۆمارکردنی دۆسیەی دادگە هەبێت، پۆلیس ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات."
 
بڕیارە رۆژی 01-03-2024، دوازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچن. بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لە هەڵبژاردنەکاندا 61 ملیۆن و 172 هەزار و 298 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا 15 هەزار و 200 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسی پەرلەمان رکابەری دەکەن، کە رێژەی 12٪ ژن و 88٪ـیان پیاون، ئەندامەکانی پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
 
هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییدا 144 بەربژێر لە 31 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی 88 کورسی ئەو ئەنجوومەنە رکابەری دەکەن و، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستان 16 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر 10 کورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری دەکەن؛ سێ کورسی لە ورمێ، دوو کورسی لە سنە، دوو کورسی لە کرماشان، دوو کورسی لە لوڕستان و کورسیەک لە پارێزگای ئیلامە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە