لە ئێران دەستنیشانكردن بەڕێوەدەچێت نەك هەڵبژاردن

رووداو - پاریس

بەشێك لە چالاكانی كورد و پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێیانوایە شتێك بەناوی هەڵبژاردن لە ئێران نییە، ئەوەی هەیە دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەیە كە دەسەڵاتی ئێران و خودی رێبەری باڵا خۆی دیاریكردوون.

هەڵبژاردنی خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەر رۆژی هەینی 26-2-2016 بەڕێوەدەچێت.

حوسێن لاجوەردی، مامۆستای زانکۆ لە پاریس بە رووداوی گوت "لە ئێران پرسی هەڵبژاردن نییە بەڵكو دەستنیشانكردن هەیە، چونكە دەسەڵات چەند كەسێك قبوڵ دەكات خۆیان كاندید بكەن و رێبەریش داوا دەكات خەڵك بەشداری هەڵبژاردن بكەن".

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە هەر زوو بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی راگەیاندبوو، دەڵێت "ئەو بەناو هەڵبژاردنە تەنها لەبەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئێرانە نەک خەڵکەکەی".

شاهۆ حوسەینی، نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات پێیوایە، تاران دەیەوێت بەدونیای دەرەوە بڵێت وڵاتەكەی دیموكراسییە، ئەگەرنا لە ئێران هیچ كەسێك دەسەڵاتی نییە جگە لە رێبەر و ئەو كەسانەی كە رێبەر دیاریكردوون.

هەرچی باڵەکەی دیکەی حیزبی دیموکراتە، کە هەڵوێستەکەیان بەرامبەر ئەو هەڵبژاردنانە زۆر تووند نییە دەڵێن، دەبێ خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ دەرفەتێک بۆ زاڵبوون بەسەر کۆماری ئیسلامیدا لەدەستنەدەن.

 مەسعود رەواندۆست، ئەندامی رێبەرایەتی حزبی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت "مادام دەمانەوێت خەبات بكەین، پێویستە لە هەموو مەجال و دەرفتەكان سوود وەربگرین".

گلەییەکانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و لایەنە ئۆپۆزسیونەکان هەر تەنها رووبەڕووی ئێران ناکرێنەوە، بەڵکو ئەوان گلەیی لە وڵاتانی خۆرئاواش دەکەن کە لەگەڵ ئەوەی دەزانن لە ئێران هەڵبژاردنەکان چۆن و لەژێر چ گوشارێکدا دەکرێن، کەچی هێشتا بێدەنگن و تەنانەت دوای هەڵبژاردنەکان پیرۆزبایشیان لێدەکرێت.