شاندێکی بزووتنەوەی تاڵیبان لە تارانە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی سیاسیی بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە تاران.
 
مەلا عەبدولغەنی بەرادەر، جێگری سیاسیی تاڵیبان سەرۆکایەتیی شاندە سیاسییەکەی تاڵیبان دەکات و بڕیارە لەسەر پرسی ئاشتی لە ئەفغانستان لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی لەوانە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوی ئێران کۆ ببێتەوە.
 
سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران چوونی شاندەکە بۆ ئێرانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند شاندەکە لەسەر بانگهێشت و هەماهەنگیی پێشووتری وەزارەتی دەرەوە سەردانی تارانی کردووە و سەبارەت بە رەوتی ئاشتی لە ئەفغانستان و پرسە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوانە وەزیری دەرەوە و نوێنەری تایبەتی ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستان دیدار و گفتوگۆ دەکەن.
 
سەردانی شاندەکەی تاڵیبان بۆ ئێران لە کاتێکدایە کە لەم دواییەدا تەقینەوە و هێرشی تیرۆریستیی بەپلان لەوانە کوژرانی دوو دادوەری ژن  لە ئەفغانستان زیاتر بووە. ئەشرەف غەنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە تاڵیبانی بە ئەنجامدەری ئەو هێرشانە تۆمەتبار کردووە و میدیاکانی ئەفغانستانیش دەڵێن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەندێ ناوچەی ئێران رێگای چالاکی رێکخراوەیی بە تاڵیبان داوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە ئێران بە تووندی دژایەتیی خۆی لەگەڵ دانوستاندنی ئەمریکا و تاڵیبان راگەیاندووە و وەزیری دەرەوەی ئێران گوتوویەتی ئەوەی بە زیانی ئێران و ئەفغانستانە، ئەوەیە ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان رێککەوتنێک واژۆ بکات و بیەوێ ئەو رێککەوتنە بەسەر گەلی ئەفغانستاندا بسەپێنێت.