کارگەیەکی ئێرانی ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سووتاندن دروستدەکات

26-01-2020
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
کارگەی دیبا لە شاری خومەین
کارگەی دیبا لە شاری خومەین
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

کارگەیەکی ئێرانی لە شارێکی ناوەڕاستی وڵاتەکە ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل دروستدەکات، بەڵام بۆ نیازێکی روون و دیاریکراو  کە سووتاندنیانە و ئەوان نایانەوێت لە دەرەوەی ئێرانەوە ئاڵا بۆ سووتاندن هاوردەبکەن.
 
کارگەی دیبا لە شاری خومەین مانگانە 130 هەزار مەتر دووجا ئاڵا دروستدەکات. بەشێک لەو ئاڵایانەی وڵاتە نەیارەکانیان تەنیا بۆ سووتاندن دروستدەکەن، وەک ئاڵای ئیسرائیل، ئەمریکا و بەریتانیا.
 
غاسم خنجانی، بەڕێوەبەری کارگەکە دەڵێت، "کارگەکەمان 42 کارمەندی هەیە و زۆربەیان ئافرەتن. مانگانە 130 هەزار مەتر دووجا ئاڵا دروستدەکەین. زۆربەی بەرهەمەکانمان دەفرۆشرێنە دامودەزگا حکومییەکان. لەنێو ئەو 130 هەزار مەتر دووجایەی دروستیان دەکەین، هەندێک مانگ هەزار و 500 بۆ دوو هەزار مەتر دووجا ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا دروستدەکەین بۆ ئەوەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاربهێنرێن".
 
لەوەتەی قاسم سولەیمانی لە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا لە عێراق کوژراوە، ئەم کارگەیە بازاڕەکەی بە رێژەیەکی زۆر گەرموگوڕ بووە. رۆژانە بانەر و تابلۆی فەرماندە ئێرانییەکە دروستدەکەن و دەیانفرۆشنەوە. ئەوە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە ژمارەیەکی زۆر ئاڵای ئیسرائیل و ئەمریکا دەسووتێنرێن.
 
دامەزرێنەری کارگەکە ئاماژە بەوە دەکات، مەبەستیان نییە بانگەشە بۆ شەڕ و خراپتربوونی دۆخی ناوچەکە بکەن، بەڵام دەڵێن وڵاتێک فەرماندەیەکی ئاوا پلەبەرزیان لێبکوژێت، با پێشبینی سووتانی ئاڵاکەی لە وڵاتەکەماندا  بکەن.
 
عەبدولفەزلی خنجانی، دامەزرێنەری کارگە دەڵێت، "ئێمە بۆ سووتاندن ئاڵا دروستناکەین. کە بەرهەمیان دێنین، بیر لە ئامانجی بەکارهێنانیان ناکەینەوە. گومان لەوەدا نییە ئێمە حەزمان بە ئاشتی و دۆستایەتی و سازشکردنە لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان. هیواخوازین رۆژێک بێت هەموو وڵاتان وەکو دۆستمان ببینین، بەڵام کاتێک وڵاتێک رێگە بە خۆی دەدات نادادپەروەرانە فەرماندەیەکمان لێبکوژێت، کەسێک کە هۆکاری ئاسایشە بۆ وڵات و خێزانەکانمان و لە دژی داعش جەنگاوە، بەلاتانەوە سەیر نەبێت ئاڵای ئەو وڵاتە لە وڵاتەکەماندا بسووتێت". 
 
دۆخی ئەم کارگەیە پێچەوانەی زۆربەی کارگەکانی دیکەی ئێرانە کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی سزاکانی ئەمریکاوە، تاوەکو دۆخی نێوان ئێران و ئەمریکا گرژیی زیاتری تێبکەوێت، بازاڕی ئەم کارگەیە باشتر دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی ئەو کەشتییەی ئێران دەستی بەسەردا گرتووە

سوپای پاسداران لە کەنداو دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوت هەڵگردا گرت

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە کەنداو دەستیان بەسەر کەشتییەکدا گرتووە نەوتی قاچاخی بارکردووە و بەشێوەیەکی نایاسایی لەنێو سنوورە ئاوییەکانی ئێراندا بووە. دەشڵێت، 12 کەس لە ستافی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە دەستبەسەر کراون.