بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە تاران پشووە
رووداو دیجیتاڵ
هەوای بەشێک لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پیسە و بەو هۆیەوە ئەمڕۆ لە تاران پشووە.
رۆژی سێشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2024، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی دۆخی لەناکاوی پیسبوونی کەشوهەوای پارێزگای تاران کۆبووەوە و بڕیاردرا ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەموو دامودەزگا حکومییەکان، زانکۆ و قوتابخانەکان پشوو بێت.
ناوەندی پێشبینی کەشوهەوای ئێران دەڵێت، "پیسیی هەوا تاوەکو پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و فەرمانگە تەندروستییەکان داوا دەکەن هاووڵاتییان لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە".
هەوای ژمارەیەک شاری رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ئاستی ناستاندار و مەترسیداردایە.
دوێنێ سێشەممە لە شارەکانی مهاباد و ورمێ هەوا پیس بوو. لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان 16 ئامێری پێوانی رێژەی پیسی هەوا هەن و دوێنێ هیچکام لەو ئامێرانە دۆخی ئاسایی یان باشیان پێشان نەدا.
سووتاندنی مازۆت لە کارگەکان، خراپی بەنزین و کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکان بە هۆکاری سەرەکیی زیاتر پیسبوونی هەوای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێن.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەن.
پێشتر پیسی هەوا زیاتر لە شارە گەورەکان دەبینرا، بەڵام ئێستا شارە بچووک و بەشێک لە گوندەکانیشی گرتووەتەوە.