لە ئێران مردن بەهۆی پیسبوونی هەوا 30٪ زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناوەندی سەلامەتی ژینگە و کاری سەر بە وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ساڵێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە، بەڕێژەی 30٪ زیادیکردووە.
 
جەعفەر جوندووقی، بەڕێوەبەری ناوەندی سەلامەتی ژینگە و کاری سەر بە وەزارەتی تەندروستی ئێران، رۆژی یەکشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەبارەی پیسبوونی هەوای شارەکان کراوە، لە ساڵی 2021 تاوەکو 2022 ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە، بە رێژەی 30٪ زیادیکردووە.
 
جەعفەر جوندووقی ئاماژە بە ناوی ئەو شارانە نەکردووە، بەڵام ئەم ساڵیش وەک ساڵەکانی رابردوو چەندینجار لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک تاران، مەشهەد، ئەسفەهان، شیراز، قووم، کەرەج، تەورێز، ئەهواز، ورمێ، کرماشان و سنە پیسبوونی هەوا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار و، بۆ چەند رۆژێکیش قوتابخانەکان لە چەندین شار بە تایبەت لە تاران بەهۆی پیسبوونی هەواوە داخران.
 
بەڕێوەبەری ناوەندی سەلامەتیی ژینگە و کار لە وەزارەتی تەندروستی ئێران هەروەها رایگەیاند، "ئێستا گەورەترین کێشەی جیهان گوڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی هەوایە، زۆربەی کارگە گەورەکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل لە جیهان پابەندبوونی خۆیان راگەیاندووە کە تاوەکو ساڵی 2027 زیاتر لە 50٪ لە بەرهەمی خۆیان بکەنە ئۆتۆمبێلی کارەبایی."
 
گوتیشی، "دەبێت، لێکۆڵینەوە بکرێت کە کام هۆکار دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا، هەرچەندە رێکخراوی پاراستنی ژینگە لەو بوارەدا چالاکی هەیە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی دەتوانێت لە دژی ئەو کەس و لایەنانەی ئەرکە یاساییەکانیان جێبەجێ ناکەن، لە وێستگەی کارەبا و شارەوانییەکانەوە کە رۆلیان لە دروستکردنی مادە پیسکەرەکانی هەوا هەیە تاوەکو دامەزراوەی جێبەجێکاری وەک وەزارەتی نەوت، دۆسیەی تاوان بکاتەوە."
 
رۆژی 4-12-2023، داریوش گولعەلیزادە، سەرۆکی ناوەندی نیشتیمانیی هەوا و گۆڕانکارییەکانی هەوا سەر بە رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران رایگەیاندبوو، ساڵی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار کەس لە 23 شاری ئێران بەهۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە، کە بەپێی پێشبینییەکان، زیانە ئابوورییەکەی 11.3 ملیار دۆلار بووە. 
 
بەگوتەی گولعەلیزادە، پار تەنیا لە تارانی پایتەختی ئێران زیاتر لە شەش هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە و زیانی پیسبوونی هەوا تەنیا لەو شارەدا بە بڕی سێ ملیار دولار بووە.
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی پیسبوونی هەواش، ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتبووی، "نزمبوونی کوالێتی بەنزین لە هەندێک شار و پارێزگای ئێران، زیادبوونی رێژەی ئۆتۆمبێل و تەکسی لەنێو شارەکان، هەروەها کۆنبوونی ژمارەیەکی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە، هۆکاری سەرەکین بۆ پیسبوونی هەوای شارەکان."
 
داریوش گولعەلیزادە رەتیشیکردەوە بەکارهێنانی گازوایل بووبێتە هۆکاری پیسبوونی هەوای شارەکان و رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەو وڵاتەدا گازوایل وەک سووتەمەنی بەکارنەهاتووە.