پیسبوونی کەشوهەوا لە تاران ساڵانە سێ ملیار دۆلار زیان بە خەڵک دەگەیێنێت

25-12-2022
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران بڕی زیانی پیسبوونی کەشوهەوای لەو وڵاتە بە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا مەزندە کردووە و بەپێی ئەو گوتانەش، لە تاران کە 13 ملیۆن کەس ژمارەی دانیشتووانییەتی، ساڵانە هەر کەسێک 10 ملیۆن تمەن زیانی بەردەکەوێت.
 
شنیا ئەنساری، پسپۆڕی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران دەڵێت، بەپێی ئەو راپۆرتانەی ناوەندە جیهانییەکانی کەشوهەوا بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی زیانەکانی پیسبوونی هەوای تاران بڵاویانکردووەتەوە، بڕی ئەو زیانانە دەگاتە سەرووی سێ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. 
 
بەگوتەی شنیا ئەنساری؛ بەپێی ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی تاران 13 ملیۆن کەسە، هەر دانیشتوویەکی تاران لە ساڵێکدا 10 ملیۆن تمەن لەو زیانەی پسیبوونی کەشوهەوای بەردەکەوێت. دەشڵێت؛ 80٪ هۆکاری پیسبوونی کەشوهەوای تاران ئۆتۆمبێلەکانن و بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکانی تاران کۆن و ناستانداردن، کەشوهەوای ئەو شارە بەردەوام لە پیسبووندایە. 
 
ئەو پسپۆڕەی پاراستنی ژینگە، هۆشداری لە کەشوهەوای تاران بۆ کەسانی بەساڵاچوو، نەخۆش، منداڵان و ژنانی دووگیان دەدات و داوا لە دانیشتووانی تاران دەکات، تاوەکو پێویست نەبێت ئۆتۆمبێلەکانیان بەکارنەهێنن. هەروەها داوا لە شارەوانیی تاران و حکومەتیش دەکات ئاسانکاریی تەواو بکرێت بۆ گواستنەوەی خەڵک بە کەلوپەلی گواستنەوەی گشتی و دەڵێت؛ ئەگەر حکومەت لەو بارەوە هەوڵی جدی نەدات، کارەساتێکی گەورە بۆ دانیشتووانی تاران لە رێگەدایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە