رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، جووڵاندنی کەیسی "تاوانی جەنگ" دژی ئیسرائیل و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکوەزیرانی بەس نین، "ئەو شایستەی سزای لەسێدارەدانە".
رۆژی دووشەممە 25-11-2024 عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: "ئەوان [دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان] فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ئەو [بنیامین نەتەنیاهوو] دەرکردووە. ئەمە بۆ ئەو بەس نییە".
رۆژی 21-11-2024، بە تۆمەتی کردنی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە کەرتی غەززە، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل دەرکرد.
دادگەکە رایگەیاند، ئەو دوو تۆمەتبارە برسیکردنی خەڵکی غەززەیان وەک چەکێکی جەنگ بەکارهێناوە و لەژێر سەرپەرشتیی ئەواندا، بە مەبەست هێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیلی غەززە.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان گوتیشی، بنەمای بڕواپێکراو هەیە کە نەتەنیاهوو و گالانت بە مەبەست خەڵکی غەززەیان لە خۆراک، ئاو، دەرمان، سووتەمەنی و کارەبا بێبەشکردووە.
دادگە نێودەوڵەتییەکە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتیی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد زەیف، سەرۆکی قەسامی باڵی سەربازیی حەماسیش دەرکرد، کە سەرپەرشتیی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە کرد.
خامنەیی گوتی، لەبری ئەوە پێویست بوو "سزای لەسێدارەدان"یان بۆ دەرکردبا.
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتیشی، ئەو هەڵمەتە 13 مانگییەی نێو غەززە "سەرکەوتن نییە، بەڵکو تاوانی جەنگە".
خامنەیی گوتی: "لە کۆتاییدا هێزەکانی ئێران رژێمی زایۆنی لەنێو دەبەن".
دادوەرانی دادگەکەی شاری لاهای لە هۆڵەندا دەتوانن فەرمانی دەستگیرکردن و بەندکردن تاوەکو 30 ساڵ دەربکەن، لە هەندێک حاڵەت دەتوانن فەرمانی بەندکردنی تاهەتاییش دەربکەن، بەڵام لە دەسەڵاتی دادگەکە نییە سزای لەسێدارەدان بۆ هیچ کەسێک ببڕێننەوە.
124 وڵات ئەندامی دادگەی ICCین، ئەمەش واتا نەتەنیاهوو سەردانی هەر کام لەم وڵاتانە بکات، پۆلیسی ئەو وڵاتە مەرجە لەژێر رێنمایی دادگەکە نەتەنیاهوو دەستگیربکات.
کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگەکەی هۆڵەندا داوای لە هەموو وڵاتە ئەندامەکان کرد کار بەو فەرمانە بکەن. هەروەها داوای لە وڵاتە نائەندامەکان کرد، لەوانەش ئیسرائیل، ئێران، ئەمریکا و چین "پێکەوە پارێزگاری لە یاسای نێودەوڵەتی بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ