ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستووریی ئێران یاسای باڵاپۆشی رەتکردەوە

25-10-2023
سینا سۆما
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

یاسای باڵاپۆشی کە مانگی رابردوو دوای مشتومڕێکی زۆر لە پەرلەمانی ئێران پەسند کرا، لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستووریی ئەو وڵاتەوە رەتکرایەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستووری ئێران رایگەیاند، دوای 10 کۆبوونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی یاساکە و گفتۆگۆکردن لەسەری، ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور گەیشتە ئەو ئەنجامە کە لە یاساکەدا ناڕوونی هەیە؛ هەروەها چەندین بڕگەی پێچەوانەی دەستووری ئێرانە؛ بۆیە یاساکەی رەتکردەوە.
 
بە گوتەی هادی تەحان نەزیف، سەرەکیترین کێشە و ناڕوونی لە مادەی 2ی یاساکەدایە کە ئەرکی "رێکارە پێویستەکان" بۆ جێبەجیکردنی یاساکەی خستووەتە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆی ئێران و گوتی، "سنووری دەسەڵات و ئەرکی وەزارەتەکە لەو یاسایەدا دیاری نەکراوە و دیار نییە ئایا تێکەڵبوونێک لە نێوان ئەرکەکانی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە بەرپرسیارەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە پرسی باڵاپۆشیدا هەیە یان نا."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستووری ئێران گوتی، دوای بڕیاری ئەنجوومەنەکە، یاساکە دەگەڕێندرێتەوە پەرلەمان بۆ ئەوەی کەموکورتییەکانی چارەسەر بکرێن.
 
بەپێی یاسای ئێران، هەر پڕۆژەیاسایەک کە لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسند کرا، دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورەوە، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
یاسای باڵاپۆشی لە ئێران کە وەک "یاسای پاڵپشتیکردنی خێزان لە رێگەی برەودان بە کولتووری پاکداوێنی و باڵاپۆشی" دەناسرێت، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئامادە کرابوو و مانگی رابردوو لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە هەندێک گۆڕانکارییەوە پەسند کرا و بڕیار بوو بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت.
 
ئەو یاسایە دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە ژنان تێیدا رۆڵی بەرچاویان گێرا، لە لایەن حکومەتەوە ئامادە کرا.
 
بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبن، سزای زیندان، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی ئەکاونت بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
 
بەپێی نێوەڕۆکی یاساکە، 26 وەزارەت و دامەزراوەی جیاواز لە ئێران بۆ جێبەجێکردنی یاساکە ئەرکدار دەکرێن، لەوانە سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتڵاعات و پۆلیس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە