ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریی ئێران یاسای باڵاپۆشی پەسند کرد

دوێنێ کاژێر 10:57
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یاسای باڵاپۆشی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریی ئێرانەوە پەسند کرا؛ گوتەبێژی کۆمیسیۆنی رۆشنبیریی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، بەمزووانە یاساکە لە پەرلەمانەوە دەدرێتە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی.
 
رۆژی چوارشەممە 25ی ئەیلوول، ئەحمەد راستینە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی رۆشنبیریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، یاسای باڵاپۆشی کە بە مەبەستی ''بەرەوپێشبردنی کولتووری باڵاپۆشی و پاڵپشتیکردنی خێزان بە تایبەتی ژنان و کچان'' ئامادە کرابوو، لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریشەوە پەسند کرا.
 
بەپێی یاسای ئێران، هەر پڕۆژەیاسایەک کە لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسند کرا، تەنیا دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەحمەد راستینە گوتی: ''ئێستا دوای پەسندکردنی یاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە، سەرۆکی پەرلەمان یاساکە دەداتە حکومەت بۆ ئەوەی رێکارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی بگیرێنەبەر''.
  
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی رۆشنبیریی پەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ''پێویستە سەرجەم دامودەزگاکان بە تایبەتی پەروەردە، بۆ جێبەجێکردنی هەوڵ بدەن، چونکە یاساکە بۆ پاراستنی خێزان، کچانی ئەمڕۆ و دایک و ژنانی داهاتووی ئێرانی ئیسلامییە.''
 
یاسای باڵاپۆشی لە ئێران کە وەک "یاسای پاڵپشتیکردنی خێزان لە رێگەی برەودان بە کولتووری پاکداوێنی و باڵاپۆشی" دەناسرێت، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئامادە کرابوو و مانگی ئەیلوولی 2023 لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە هەندێک گۆڕانکارییەوە پەسند کرا و بڕیار بوو بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێ، بەڵام ئەو کات ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور یاساکەی پەسند نەکرد.
 
24ـی تشرینی یەکەمی 2023، هادی تەحان نەزیف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران هۆکاری پەسندنەکردنی یاساکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ''ناڕوونی تێدا هەیە؛ هەروەها چەندین بڕگەی پێچەوانەی دەستووری ئێرانە.''
 
ئەو یاسایە دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ـی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە هاتە ئاراوە کە ژنان تێیدا رۆڵی بەرچاویان گێرا.
 
بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبن، سزای زیندان، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی ئەکاونت بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەریاندا دەسەپێنرێت.
 
بەپێی نێوەڕۆکی یاساکە، 26 وەزارەت و دامەزراوەی جیاواز لە ئێران بۆ جێبەجێکردنی ئەرکدار دەکرێن، لەوانە سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتڵاعات و پۆلیس.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە