وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران: 28 ئەندامی داعش کە ویستوویانە تەقینەوە بکەن دەستگیر کران

25-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند، 28 کەسیان دەستگیر کردووە کە ویستوویانە لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکاندا لە شوێنە قەرەباڵخەکانی تاران 30 تەقینەوە بکەن.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە وەزارەتی ئیتڵاعات رۆژی 24-09-2023 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "لە ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی هاوکاتدا 28 کەسیان لە پارێزگاکانی تاران، ئەلبۆرز و ورمێ دەستگیر کردووە، دەستگیراوەکان سەر بە داعش بوون و هەندێکیان لەگەڵ گرووپە تەکفیرییەکانی سووریا، ئەفغانستان، پاکستان و هەرێمی کوردستان بوون."
 
بەپێی ئەو راگەیێندراوە، "ئامانج لە تەقینەوەکان ئەوە بووە هەژموونی ئەمنیی ئێران بشکێنن، وڵات بە ناسەقامگیر نیشان بدەن، لە کۆمەڵگەدا تۆوی بێهیوایی بچێنن، خەڵک بۆ ئاژاوە و ناڕەزایەتی هانبدەن."
 
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، سەرەڕای ئەوەی ئەو کەسانەی دەستگیر کراون سەر بە رێکخراوی داعشن، بەڵام شێوازی پلاندانان و چۆنێتی هەڵسوکەوتیان زۆر ئاڵۆزتر و لە لایەنی تەکنیکییەوە زۆر پێشکەوتووترە، بە شێوەیەکی بەرچاو لە شێوەی پرۆژەکانی "رژێمی داگیرکەری زایۆنیزم" دەچێت.
 
ئیتڵاعاتی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بڕێکی زۆر مادەی تەقینەوە و بۆمبی ئامادە، بڕێکی زۆر مادەی خاو بۆ دروستکردنی بۆمب، 100 کەپسوول و پێداویستیی جۆراوجۆر بۆ بۆمبە تایمەرییەکان، 17 دەمانچەی ئەمریکی، دامودەزگای زیرەکی پەیوەندی، جلوبەرگی سەربازی، هێلەگی خۆتەقاندنەوە و جۆرێک مۆدیم کە لە هەرێمی کوردستاندا بەکاردێت، دەستیان بەسەردا گیراوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لە شوێنێکی قەرەباڵخ ژمارەیەک تیرۆریست ویستوویانە تەقینەوەی خۆکوژی بکەن، بەڵام هێزەکانی ئیتڵاعات شکستیان بەو هەوڵە خۆکوژییە هێناوە و لە ئەنجامدا دوو کەس لە هێزەکانیان بریندار بوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە