پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران زیانی بە ملیۆنان کەس گەیاندووە کە کاری ئۆنلاین دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

یەكێک لە نیگەرانییەکانی ئەم رۆژانەی بەشێک لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پچڕانی ئینتەرنێتە، کە بەهۆی بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی پچڕاوە.


ئەحمەد وەحیدی، وەزیری نێوخۆی ئێران دەڵێت، "هەندێک لە کەناڵەکان، نەک هەر خەریکن ئاگری ئاژاوە خۆش دەکەن، بەڵکو هەوڵدەدەن بە بڵاوکردنەوەی دیمەنی ئاژاوەکان کە زۆربەشیان راست نین، دەیانەوێت خەڵک هانبدەن و فێری ئاژاوەگێڕییان بکەن. ئاساییە لە کاتێکی وەهادا بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵک، ئینتەرنێت سنووردار بکەین."

جگە لە پچڕانی ئینتەرنێت کە چەند رۆژە لە ئێوارانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو نزیکەی نیوەشەو بەردەوام دەبێت، هەندێک لە ئەپڵیکەیشنەکانیش فیلتەر کراون. ئەمڕۆ میدیای فارسی سەر بە سوپای پاسداران لە هەواڵێکدا رایگەیاند؛ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاریداوە ئینستاگرام و واتساپ بەتەواوی فیلتەر بکات. بڕیارێک کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووریی خەڵک دەبێت.

بەپێی ئامارێک کە میدیا ئابوورییەکانی ئێران بە پشتبەستن بە ئامارەکانی نێتبلاکس بڵاویان کردووەتەوە پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران لە هەر کاژێرێکدا 1.5 ملیۆن دۆلار واتە رۆژانە 37 ملیۆن دۆلار زیان بە کاری ئۆنلاینی دەگەیێنێت. 

لە ئێراندا دوو ملیۆن و 400 هەزار هەژماری ئینستاگرام بە مەبەستی بارزگانی و رێکلامکردن بەکاردەهێنن، کە 10 ملیۆن کەس لێی سوودمەند دەبن. قەبارەی بازرگانیی ئینستاگرام لە ئێران ساڵانە بە 1.3 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن
پچڕان و سنووردارکردنی ئینتەرنێت لە دەستپێکی کابینەی ئیبراهیم رەئیسییەوە باسی لێکراوە و بەردەوام هۆشداری زیانەکانی ئەو بڕیارە دراوە. بەڵام سەرۆککۆماری ئێران تاوەکو چەند هەفتە پێش ئێستاش نکۆڵی لێکردووە و گوتوویەتی نایەوێت نانی خەڵک ببڕێت.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "یەکێک لەو تۆمەتانەی دەدرێتە پاڵم، پچڕانی ئینتەرنێتە، ئاخر شتێک کە هەلی کاری خەڵکە و بژێویی خۆیانی پێ پەیدا دەکەن، چۆن دەکرێت بیپچڕێنین و نانی خەڵکی پێ ببڕین؟"

پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەرماوگەرمی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکاندا بابەتێکی نوێ نییە و پێشتریش حکومەت لە ساڵی 2019 بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و فیلتەرکردنی تێلێگرام زیانی بە 200 هەزار کار گەیاندووە.