وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستیی ئێران سەردانی ئیلامیان کرد

25-08-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستیی ئێران بۆ بەدواداچوونی رێکارەکانی بەڕێکردن و هەروەها چۆنێتیی خزمەتکردنی زیارەتکارانی شیعە، سەردانی پارێزگای ئیلامیان کرد.
 
رۆژی هەینی 25-08-2023 وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستیی ئێران بە سەردانێک گەیشتنە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەردانی دەروازەی سنووریی میهرانیان کرد.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیلام لەلایەن جێگری پارێزگاری ئیلام بۆ کاروباری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی پێشوازیی لێکرا. ئەحمەد وەحیدی دواتر سەردانی دەروازەی سنووریی میهرانی کرد بۆ بەدواداچوون بۆ ئامادەکارییەکانی بەڕێکردنی زیارەتکارانی شیعە و خزمەتکردنیان کە بە مەبەستی بەشداری لە مەراسیمەکانی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە دەچنە عێراق.
 
هەروەها بەهمەن عەینوڵڵاهی، وەزیری تەندروستیی ئێرانیش لەو سەردانەیدا بەدواداچوونی بۆ ئامادەکارییەکانی کەرتی تەندروستی بۆ خزمەتکردن بە زیارەتکاران لەو سنوورە کرد و سەردانی چەندین نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستیی کرد.
 
بەهمەن عەینوڵڵاهی رایگەیاند، 370 ئەمبوڵانس، 57 پاسی ئەمبوڵانس، 12 نەخۆشخانەی گەڕۆک و 12 هەلیکۆپتەر لەگەڵ زیاتر لە هەزار کارمەندی تەندروستی و پزیشکی لە دەروازەی سنووریی میهران لە خزمەتی زیارەتکاراندان.
 
ئاماژەی به بنیاتنانی بنکەی تەندروستی له تێرمیناڵی سنووری مێهران له ماوهی 9 مانگدا کرد و گوتی، 400 ملیار تمەن بۆ ئەو بنکەیە خەرجکراوە که لەسەر رووبەری 2200 مەتر چوارگۆشە دروستکراوە و لە 150 قەرەوێڵه پێکدێت.
 
هێشتا 12 رۆژ بۆ چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن ماوە و حکومەتی ئێران لە دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکی گەورەی کردووە، بۆئەوەی زۆرترین ئێرانی بەشداری لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێندا بکەن.
 
بێجگە لە دەروازەی سنووریی میهران، لە دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخیش زیارەتکارانی شیعە لە ئێرانەوە سەردانی عێراق دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە