وەزیری پەروەردەی ئێران: ئەم ساڵ 84 هەزار مامۆستا خانەنشین دەبن

25-08-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند، ئەم ساڵ 84 هەزار مامۆستا لەو وڵاتە خانەنشین دەبن و بەوەش کەرتی پەروەردە تووشی کێشە دەبێت. دەشڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەوڵدەدەن ئەو مامۆستایانە بۆ ساڵێکی دیکەش بهێڵنەوە و مامۆستای نوێ دابمەزرێنن.
 
رەزا موراد سەحرایی، وەزیری پەروەردەی ئێران کە بە سەردانێک لە پارێزگای لۆڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە میدیای فەرمیی ئێرانی رایگەیاند، "توانیمان مۆڵەت وەربگرین بۆ دامەزراندنی 57 هەزار کەس و هەوڵدەدەین ئەم مامۆستایانەی خانەنشین دەبن، ساڵێکی دیکە بمێننەوە بۆ ئەوەی پۆلەکانی خوێندن بەبێ مامۆستا نەبن و بۆ ساڵی نوێی خوێندن کێشە دروست نەبێت."
 
سەحرایی گوتی، ئەوان وەکو وەزارەتی پەروەردە داوای 84 هەزار مۆڵەتی نۆیی دامەزراندنیان لە دامەزراوەی کارگێڕی و راژەی ئەو وڵاتە کردووە بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی خانەنشینبوونی مامۆستاکان دێتە پێش، بەڵام سەرەڕای هەوڵێکی زۆر، تەنیا توانیویانە مۆڵەتی دامەزراندنی 57 هەزار کەس وەربگرن.
 
وەزیری پەروەردەی ئێران ئاماژەی بەوەدا لە هەندێک پارێزگا بە تایبەتیش لە تاران و سیستان و بەلووچستان کێشەی مانەوە و بەردەوامبوونی مامۆستاکان لەسەر ئەرکەکانیان هەیە، بۆیە بە بڕیاری دامەزراوەی کارگێڕی و راژەی ئەو وڵاتە، رێکاری تووند دانراوە بۆ گواستنەوەی مامۆستایان و تەنیا لە هەندێک دۆخی تایبەت، رێگە بە گواستنەوەی مامۆستا لەو شوێنانە دەدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە