لە ئێران رۆژانە هەشت هەزار تۆن ئارد دیار نامێنێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئابووریی ئێران دەڵێت، ساڵانە نزیکەی 32 تریلیۆن تمەن لە دابەشکردنی ئاردی ئەو وڵاتەدا دیار نامێنێت. بۆ رێگریکردن لەوە، حکومەتی ئێران دەستیکردووە بە گەڕان و پشکنین بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکان لە نانەواخەکان.
 
لیژنەی چاودێریی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بە مەبەستی نەهێشتنی سەرپێچییەکان چوونە نانەواخانەیەک. ئەو نانەواخانەیە کە کەمتر لە دوو ساڵ کاری کردووە، 300 هەزار کیلۆ ئاردی بە نرخی حکومی 25 بۆ 40 هەزار تمەن وەرگرتووە و لە بازاڕدا بە نرخی زیاتر لە 10 هێندە فرۆشتوویەتییەوە.
 
محەممەد هادی سوبحانیان، جێگری وەزیری ئابووریی ئێران گوتی: "بۆ دروستکردنی 100 ملیۆن نان کە پێداویستیی رۆژانەیە لە ئێران، 16 بۆ 17 هەزار تۆن ئارد پێویستە، بەڵام رۆژانە نزیکەی 24 هەزار تۆن ئارد لە سەرانسەری ئێراندا دابەش دەکرێت. واتە بەشێوەی مامناوەند رۆژانە شەش بۆ حەوت هەزار تۆن ئاردی دابەشکراو ناکرێتە نان کە مانگانە دەکاتە 180 هەزار تۆن ئارد و بەهاکەشی 2.7 تریلیۆن تمەنە."
 
ماوەی زیاتر لە سێ مانگە کابینەی ئیبراهیم رەئیسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەرپێچییانە، فرۆشتنی نانی بە کیلۆ و بە کارتی بانکی لە نانەواخانەکان رێکخستووە. دوایین راپۆرتی وەزارەتی ئابووریی ئێران باس لەوە دەکات کە لەماوەی 100 رۆژی رابردوودا رۆژانە نزیکەی 9 ملیۆن جار لە ئێران نان کڕدراوە، رێژەی سەرپێچیکاریش 40٪ کەمیکردووە. وەزارەتی ئابووریی ئێران دەڵێت؛ بەشەئاردی نانەواخانەکان بە مەرجی فرۆشتنی زیاتری نان بەو سیستەمە نوێیە، زیاددەکات.
 
محەممەد جەلال، راوێژکاری وەزیری ئابووریی ئێران باس لەوە دەکات: "دەستڕاگەیشتنی نانەواکان بە بەشەئاردی هاوکاریی حکومی بەپێی کارکردنیانە. ئێمە بۆ نانەوایەک کە رێژەی بەرهەمهێنانی نانی زۆرترە، دەبێ هاوکاریی زیاتریشمان هەبێت. بۆ ئەو نانەوایانەش کە سەرپێچی دەکەن، سزای گونجاومان لەبەرچاو گرتووە."
 
ئەو سەرپێچیکارییانە لە نانەواخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەیە. بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی نانەواخانەکان لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە پێنج مانگی رابردوودا دوو هەزار و 431 سەرپێچی لە نانەواخانەکانی پارێزگاکە تۆمارکراوە و زۆربەشیان لە شارەکانی ورمێ، چایپارە، بۆکان و مهاباد بوون.
 
هاونیشتمانییەکی خەڵکی ورمێ دەڵێت: "ئەمڕۆ بە هەزار دەردەسەر نانێکی بەربەریم کڕیوە، ئەویش بەم سیستمە کارتییەی کە دایانناوە و چەند کاژێر وەستان لە نۆرەدا بۆ نانێک".
 
حکومەتی ئێران پلانی فرۆشتنی نان بە کارتی بانکی بە پلانێکی سەرکەوتوو دەزانێت و دەڵێت؛ بەمشێوە توانیویەتی رۆژانە شەش هەزار تۆن ئارد پاشەکەوت بکات، بێ ئەوەی کوالێتی و نرخی نان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبێت.