بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی ئێران: ناتوانین تەواوی دەریاچەی ورمێ بژیێنینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی ئێران رایگەیاند، ناتوانن هەموو دەریاچەی ورمێ بژیێننەوە و بەشێکی بە تەواوی وشک دەبێت.
 
مەسعود باقرزادەی کەریمی، سەرۆکی کەرتی ئاوڕێژیی دەریاچەی ورمێ لە وەزارەتی وزەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند، "دەبێت دان بەو راستییەدا بنێین، کە ناکرێت هەموو دەریاچەی ورمێ بژیێندرێتەوە."
 
سەرۆکی کەرتی ئاوڕێژیی دەریاچەی ورمێ لە وەزارەتی وزەی ئێران گوتیشی، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی ئاو لە هەموو بەشەکاندا، هۆکارن بۆ وشکبوونی دەریاچەکە.
 
بە گوتەی مەسعود باقرزادەی کەریمی، لەوانەیە بتوانن ئاوی کەرتی کشتوکاڵ کەمبکەنەوە، بەڵام بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە تووشی کێشە دەبن.
 
کەریمی دەشڵێت، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بڕیاری گەیاندنی ئاوەڕۆی پاڵاوتەکراوی شارەکانی تەورێز و ورمێ و گواستنەوەی ئاوی رووباری زێی بچووک بۆ دەریاچەی ورمێ و ئەوەی کە رێگە بدرێت تەواوی ئاوەکە بڕژێتە نێو دەریاچەکە و بۆ شوێنی دیکە نەبرێت.
 
ئەمیر عەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە دوو دەیەی رابردوودا ساڵانە بە تێکڕا 40 سانتیمەتر لە ئاوی دەریاچەی ورمێ کەمی کردووە و ئێستا 95%ی دەریاچەکە وشک بووە.
 
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ، وشکەساڵی، بەهەڵمبوون، پەرەپێدانی لەڕادەبەدەری کشتوکاڵ و بەکارهێنانی نادروستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ کشتوکاڵ بە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی دەریاچەکە لە قەڵەم دەدات.
 
شارەزایان هەڵکەندنی دەیان هەزار بیری ئاو بۆ کشتوکاڵ لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ و دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو رووبارانەی دەڕژێنە دەریاچەی ورمێ وەکو هۆکارەکانی دیکەی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ دەزانن.
 
حکومەتی حەسەن رووحانی، سەرۆکی پێشووی ئێران 10 ساڵ لەمەوبەر ناوەندێکی تایبەتی بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دامەزراند، ئەو ناوەندە لە ساڵەکانی 2019 و 2020دا توانیی ئاستی ئاوی دەریاچەکە کەمێک بەرز بکاتەوە، بەڵام ئەمساڵ جارێکی دیکە ئاستی ئاوەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
 
جەلال مەحموودزادە، نوێنەری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەم ناوەندە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە، کەچی نەیتوانیوە هەنگاوێکی زۆر بچووک بۆ ژیاندنەوەی ئەو دەریاچەیە بنێت.
 
لە پرسی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ-دا، جەلال مەحموودزادە حکومەت بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "بودجەی ناوەندەکە بۆ هەڵبژاردنەکان خەرج کراوە، یان ئەندامانی ناوەندی ژیاندنەوەی دەریاچەکە گەشتی وڵاتانی دیکەیان پێکردووە و پارەی گشتیی بەفیڕۆدراوە."
 
ناوەندی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لەڕێی هەندێک پرۆژەی وەکو گۆڕینی رێڕەوی ئاوی هەندێک لە رووبارەکان بۆ ورمێ، بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکانی رێژاوی دەریاچەکە، گۆڕینی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کەوا ئاوی زۆریان دەوێت بۆ بەرهەمێک کە ئاوی کەمتری پێویست بێت و کۆنترۆڵکردنی بیرە ئاوەکان، هەوڵیدەدا هەناسەیەک بۆ دەریاچەی ورمێ بگەڕێنێتەوە.
 
بەڵام ئەم ناوەندە بە کەمتەرخەمی تۆمەتبار کراوە و پەرلەمانی ئێران دەیەوێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات، بۆئەوەی بزانرێت لەڕووی ئیدارییەوە چی کراوە و بودجەکەی چۆن خەرج کردووە.