بەربژێرێکی سەرۆککۆماری ئێران: لە یەکەم ساڵمدا کرێنشینان رزگار دەکەم

 
رووداو دیجیتاڵ

دوایین دیبەیتی بەربژێرانی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەچوو؛ لە پێنج دیبەیتدا زۆر رەخنەیان لە پلانی یەکدی گرت. جگە لەوەش، دەیان بەڵێنیان بە خەڵک دا، لەوانەش چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری.
 
مستەفا پوورمحەممەدی، بەربژێری سەرۆکایەتیی ئێران گوتی، "ئەو ئامارەی هاوڕێیانمان لە میدیای فەرمی پێیانداوین، لە راپرسییەکدا لە خەڵکیان پرسیوە: گرنگترین کێشەتان چییە؟ 73.5% گوتوویانە کێشەی ئابووری."
 
پێدانی دراو بە نرخی فەرمی بە بەشێک لە هاوردەکاران و دەنگۆی هەبوونی گەندەڵی لە مامەڵەکەیان؛ هەروەها کەمیی هەلی کار لەو بابەتانە بوون لە ساڵانی رابردوودا قسەی زۆریان لەبارەوە کراوە.
 
سەعید جەلیلی، بەربژێری سەرۆککۆماریی ئێران گوتی، "یەکێکیان داهاتی دەرەکی بە دراوی بیانی و ئەوی دیکەش رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان. بە چارەسەرکردنی ئەو دوو کێشەیە، چیدیکە نیگەرانیی هەندێک بابەتی وەکو گرانی، هەڵاوسان و بەهای دۆلار نابینین."
 
یەک لە مەلەفە گرنگەکانی ئەم دیبەیتانە، خانووبەرە و پرۆسەی هاوژینیی گەنجان بوو. عەلیڕەزا زاکانی، بەربژێری سەرۆککۆماریی ئێران گوتی، "دەبێت فریای کرێنشینان بکەوین. بۆیە من هەر لە یەکەم ساڵمدا، رێکاری تایبەت بە کرێنشینان جێبەجێ دەکەم و کرێنشینان رزگار دەکەم."
 
باڵاپۆشی یەک لە بابەتە مشتومڕهەڵگرەکانی نێو دیبەیتەکان بوو؛ تاکە بەربژێری ریفۆرمخواز لەم ماوەیەدا چەندین جار رەخنەی لە پۆلیسی رەوشت گرتووە و پێنج بەربژێرە نەریتخوازەکەش، بە بیانووی پاراستنی مافی ژنان، بەردەوام بابەتەکەیان بەلاڕێدا بردووە.
 
محەممەد باقر قالیباف، بەربژێری سەرۆککۆماریی ئێران دەڵێت، "ئەم شەڕانە هیچ کەڵکێکیان نییە، نە کێشەی خانووبەرە چارەسەر دەکەن، نە کێشەی گەمارۆ، نە کێشەی گرانی، نە کێشەی هەڵاوسان و نە کێشەی بێکاری و ئاسایشی خەڵکیش."
 
بەڵام بەربژێرەکەی ریفۆرمخوازان، لە دوایین دیبەیتیشدا، سوور بوو لەسەر ئەو داواکارییانەی لەدوای ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022 کە بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس لە بەلوچستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
مەسعود پزیشکیان، بەربژێری سەرۆککۆماریی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "رێبەری کۆماری ئیسلامی گوتی، ناوی کوژراوانی بەلوچستان بە شەهید تۆمار بکەن، بۆ نەتانکرد؟ هاتووم ببمە سەرۆککۆماری وڵاتێک کە رێز لە ژنان و کچانی ئەم وڵاتە و داواکارییەکانیان دەگرێت."
 
لە سبەینێ پێنجشەممەوە هیچ بەربژێرێک مافی بانگەشەی نابێت تاوەکو رۆژی هەینی 28ی حوزەیران کە چواردەیەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران بەڕێوەدەچێت.