هەڵبژاردنی ساڵانەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو


رووداو دیجیتاڵ

رێوڕەسمی سوێندخواردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچوو، دەستەیەکی 12 کەسی کە ساڵانە هەڵدەبژێردرێن. کێبڕکێی سەرەکی لەسەر کورسیی سەرۆکی پەرلەمانە. 
 
لەو هەڵبژاردنەدا تاوەکو ئێستا رووینەداوە سەرۆک بگۆڕدرێت. تەنانەت ئەگەر وەکو محەممەد باقر قالیباف رەخنەی زۆریشی لەسەر بێت. ئەو توانی ئەمجاریش دەنگی 194 پەرلەمانتار بەدەستبهێنێت. 36 دەنگ کەمتر لە هەڵبژاردنی پار. سێ کەسی دیکەش خۆیان بەربژێر کردبوو، بەڵام کێبڕکێی سەرەکیی قالیباف لەگەڵ مورتەزا ئاقا تەهرانی بوو. هەردووکیان نەریتخوازن، بەڵام ئاقا تەهرانی سەر بە بەرەی پایەدارییە کە بە تووندڕەوترین رەوتی نێو نەریتخوازان دەناسرێت.
 
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران لە سەرۆک، دوو جێگر، سێ چاودێر و شەش سکرتێر پێکدێت. هەر پەرلەمانتارێک دەتوانێ خۆی بۆ ئەو پۆستانە بەربژێر بکات. لە هەڵبژاردنی ئەمجاردا، پێنج پەرلەمانتاری کورد خۆیان بەربژێر کرد. عەبدولڕەزا مسری و محەممەد رەشیدی، نوێنەرانی شاری کرماشان بۆ جێگری دووەمی سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان دەنگیان هێنا، بەڵام نوێنەرانی شائاباد، خوڕەمئاوا و بروجێرد دەنگیان نەهێنا.
 
پەرلەمانتارانی ورمێ، سنە و ئیلامیش تەنیا لە دەنگداندا بەشداربوون. پەرلەمانتارانی کوردی سوننە ئەمجارە شانسی خۆیان بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەستەی سەرۆکایەتی تاقی نەکردەوە، لەوانەیە بەهۆی ئەوە بێ، دڵنیابوون دەنگیان پێنادرێت.
 
بەپێی نەریتی ساڵانە، پەرلەمانتاران دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی دەچنە دیداری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران. عەلی خامنەیی لەو دیدارەدا، چوارچێوە گشتییەکانی کارکردنیان بۆ دیاریدەکات.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت، "من بەرژەوەندیی ئێوەم دەوێ، نابێ دەستێوەردان لە دانانی بەرپرساندا بکەن. بۆ نموونە کاتێک ئێوە لەبارەی دانانی بەڕێوەبەرێکی گشتی یان قایمقام و پارێزگارێک پێشنیازێک دەدەن بە وەزیری پەیوەندیدار یان خوانەخواستە گوشاری دەخەنەسەر، ئەوە دەبێتەهۆی ئەوەی ئەگەر کەسەکە خراپ کاری کرد، نەزانین یەخەی کێ بگرین."
 
پەرلەمان لە ئێران دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردنی بەدەستە. رەخنەگرانی دەڵێن، بەهۆی پێکهاتەی دەسەڵات و سنوورداربوونی ئەندامێتیی پەرلەمان، پەرلەمانتاران ناتوانن ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیێنن. تەنیا ئەوانە دەتوانن ببن بە ئەندامی ئەو پەرلەمانە کە بە فلتەری دەسەڵات تێپەڕیبن.