رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەیشتە تاران. وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئەوکاتەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، تاران لەگەڵ واشنتن گفتوگۆی راستەوخۆ ناکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، گەیشتە تاران بۆ گفتوگۆ لەبارەی هاوکاری و پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات، رێککەوتنی ئەتۆمی، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لەوانە سووریا و یەمەن و ئەفغانستان.
یەکەم کۆبوونەوەی لاڤرۆڤ لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بوو. دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "تا کاتێک سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، تاران لەگەڵ واشنتن گفتوگۆی راستەوخۆ ناکات".
عێراقچی گوتیشی: "هاوکاری و گفتوگۆکانمان لەگەڵ رووسیا و چین بەردەوام دەبن و هەڵوێستی وڵاتەکەی و رووسیا لەبارەی سووریا زۆر لێک نزیکە و خوازیاری سەقامگیری و ئاشتین لەو وڵاتە و پاڵشتییەکانی ئێران بۆ بەرەی مقاومە لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت".
سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، "لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی هێشتا دەرفەتی دیپلۆماسی هەیە و هاوکاری رووسیا لەگەڵ ئێران بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە بەردەوام دەبێت".
لەگەڵ چڕبوونەوەی سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر رووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا، مۆسکۆ و تاران لە ساڵانی رابردوودا هاوکارییەکانیان لە بواری ئابووری و سەربازیدا فراوانتر کردووە.
وڵاتانی رۆژئاوایی، بەتایبەتی ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی، ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە چەکی بۆ رووسیا ناردووە. تارانیش ئەمەی چەندین جار رەتکردووەتەوە.
لە سەردانەکەی مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە مانگی رابردوودا بۆ مۆسکۆ، ئێران و رووسیا رێککەوتننامەی هاوکاریی ستراتژییان واژۆ کرد کە گوایە بناخەی "هاوکاری قووڵتر"ی لە بواری ئابووری و سەربازیی نێوان دوو وڵاتدا داناوە.
سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ تاران لەکاتێکدایە، حکومەتی ئێران و رووسیا زیاتر لە جاران پێویستیان بە یەکترە. سزا نێودەوڵەتییەکان، شکستە سەربازییەکان لە سووریا و چڕبوونەوەی گوشارەکانی رۆژئاوا، تاران و مۆسکۆیان کردووە بە هاوپەیمانی نزیکتر و بەدوای رێگایەکدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی کاریگەرییان لە ناوچەکە و بەرپەرچدانەوەی گوشارە ئابووری و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ