ئەمریکا و ئیسرائیل: بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات

25-02-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
وێستگەیەکی ئەتۆمیی ئێران. وێنە: AFP
وێستگەیەکی ئەتۆمیی ئێران. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جارێکی دیکە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تووشی کێشەیەکی نوێ بووەتەوە. ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستی بە هەندێ زانیاری گەیشتووە کە ئێران یورانیۆمی 84٪ پیتاندووە. 
 
ئەوە کاردانەوەی بە دواداهات، چونکە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویستیی بە یورانیۆمی پیتێنراوی 90٪ هەیە. ئەمە واتە ئێران زۆر نزیکە لەوە، بەڵام ئێران رەتیکردەوە یۆرانیۆمی لەو ئاستەدا پیتاندبێت.
 
بێهروز کەماڵ وەندی، گوتەبێژی ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت، "ئێمە هەست بەوە ناکەین پێویستیمان بە یورانیۆمی پیتێنراو هەبێت. ئەگەر بەڕاستی بمانەوێت یورانیۆم 20٪ زیاتر پوختە بکەین، ئەوا بە ئاسانی رایدەگەیێنین. کەوابوو روونە ئەو شتە دەستێکی لە پشتە." 
 
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران دوو رۆژ لەمەوبەر گوتی: بەرپرسانی ئاژانسی ئەتۆمی لە ئێرانن و کێشەکە خەریکە چارەسەر دەبێت.
 
ئەمریکا و ئیسرائیل رایانگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک رێگەنادەن ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی رابگات. ئەمریکا دەڵێت: دەیەوێ لەڕێی دانوستانەوە کێشەی ئەتۆمی چارەسەر بێت، بەڵام ئەوە چەندین مانگە دانوستاندنەکانی ژیاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی وەستاون. 
 
هەروەها لەگەڵ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکان، ئێران بەرنامە مووشەکییەکانیشی پەرەپێداوە، ئەمە ئەو گومانەی لەلای وڵاتانی رۆژئاوا دروستکردووە کە ئێران دەیەوێ لەو مووشەکانە دروست بکات کە دەتوانن کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرن.
 
ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران باسی لەوە کرد، "ئێمە ئەگەر ئێستا بمانەوێت، دەتوانین تاوەکو مەودای 2 هەزار کیلۆمەتر کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بکەینە ئامانج، هەڵبەت 2 هەزار کیلۆمەتر بۆ رێزدانان بۆ ئەوروپاییەکان، ئەوروپاییەکان رێزی خۆیان بگرن." 
 
دژبەرانی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 رەخنەی ئەوەیان لێی دەگرت کە بەرنامەی مووشەکییەکانی ئێران سنووردار ناکاتەوە. ئەگەرچی ئێران دەڵێت: مووشەکەکانی بۆ بەرگریکردن دروستیان دەکات. بەڵام ئەمە و بەرنامە ئەتۆمییەکانی ساڵانێکە بوونەتە هۆکاری ململانێ بۆ ئێران.
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە