حەسەن رووحانی: ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و هیوای خەڵک کەمبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دەڵێت، ئەو وڵاتە کەوتووەتە دەست "کەمینەیەکی پاوانخواز" کە دژی دەستوور دەجوڵێنەوە و دەیانەوێت هەمووان لە بازنەی دەسەڵات بکەنە دەرەوە.
 
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر رەتکردنەوەی شیاوبوونی بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئەو وڵاتە رۆژی پێنجشەممە، 25-1-2024، رایگەیاند، دەسەڵاتی ئەو وڵاتە کەوتووەتە دەست "کەمینەیەکی پاوانخواز" کە دەیانەوێت هەموو لایەنەکانی دیکە لە دەسەڵات بکەنە دەرەوە و خوازیاری ئەوەن خەڵکێکی کەم لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن تاوەکو بە خواستی خۆیان بڕیار لە چارەنووسی ئەو وڵاتە بدەن.
 
حەسەن رووحانی دەڵێت، ئەو کەسانەی خاوەنی شۆڕش و وڵاتی ئێران نین، شیاوی ئەوە نین بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە دیاری بکەن و رێگری لە بەربژێربوون و بەشداریی خەڵکی دیکە بکەن. رووحانی داوا دەکات، خەڵک لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریدا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و پێچەوانەی ئەو رەوتە دەنگ بدەن کە باسی دەکات.
 
رووحانی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و هیوای خەڵک کەمبووەتەوە و کەشێکی ساردیش بەسەر بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردندا زاڵە.
 
ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران شیاوبوونی رووحانی بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران رەتکردەوە. هەڵبژاردنەکە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە 01-03-2024 بەڕێوەدەچێت. 
 
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 88 کەس پێکدێت و ئەندامانی بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن. ئەرکی سەرەکیی ئەو ئەنجوومەنە، دەستنیشانکردن و لەسەرکارلادانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و چاودێریکردنی ئەرکەکانییەتی.